چیاکۆ: پەژاک پارتی ژن ژیان ئازادییە

ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی مەجلیسی پەژاک ئاماژە بە خاڵەکانی کە لە کۆنگرەی حەوتەمی پەژاکدا گفتۆگۆ لە سەر کراون و سەرەنجی دایە سەر کەمپێنی جیهانی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' و وتی: پێویستە گەلەکەمان لە هەورامان بە هەموو توانایەوە خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن.'

لێدوانی ئەهوەن چیاکۆ

ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک و ئامانجی کۆنگرەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و باسی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی داهاتووی پەژاک کرد سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی دێنە ئاراوە.

لە سەرەتادا ئەهوەن چیاکۆ بە ڕیزەوە یادی شەهیدانی کردەوە و بەم شێوەیە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو: " وێڕایی سڵاوێکی گەرم لە چیا سەربەرزەکانی کوردستانەوە، بەڕێوەچوونی حەوتەمین کۆنگرەی پارتی ژیانەوەی کوردستان لە سەرەتادا لە ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد لە هەر چوار لای کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتتر لە خەڵکی وڵاتپارێزی هەورامان، هەرەوەها لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەتایبەت دایکانی سەربەرزی شەهیدان پیرۆز دەکەم. لە هەمانکاتدا لە کەسایەتی شەهیدە قارەمانەکانمان و بە تایبەت ئەو قارەمانانەی کە خەڵکی هەورامان بوون و لە ڕیزەکانی پەژاک شەهید بوون و یان خەڵکی جێگایی تربوون لە هەورامان تێکۆشاون و شەهیدبوون، پەیمان و بەڵێن لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەمەوە.

لە ڕاستیدا خەڵکی هەورامان ڕۆڵێکی بەرچاو و زۆریان هەبووە لە پێشکەوتنی پەژاک دا. ئێمە دەزانین بە هۆی تایبەتمەندی جوگرافیا و لە هەمانکاتدا بەهۆی فەرهەنگ و کلتووری وڵاتپارێزی خەڵکی هەورامان، ئەم هەرێمە یەك لەو ناوچانەبووە کە پەژاکی تێیدا جێگیربوو، گەشایەوە و شوێنێک بوو کە گەریلا توانی خۆی تێدا جێگیر بکات، هەربۆیە گەر پەژاک گەشتووەتە ئەم قۆناغە و دەتوانێ بەسەرکەوتووی حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوەببات، بیگوما ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. بۆیە لە جێگەی خۆیدایە پیرۆزبایی گەرمتر لە خەڵکی هەورامان بکەین. ڕاستە کە بەفەرمی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش پەژاک دامەزراوە، بەڵام پێش ئەمەش سەرەتا بە ڕەنج و ماندووبوونی ڕێبەر ئاپۆ هەوڵ و تێکۆشانێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و بوو بە بناغەی و بنگەیی دامەزراندی پەژاک، واتا لە بنەڕەتدا دەتوانین بڵێیین کە پێش دامەزراندی پەژاک، ئێمە شاهیدی قۆناغێکی ١٠ ساڵەی خەباتی تێکۆشانی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانین. ئێستاش دوو دەیە لە خەباتی پەژاک تێپەڕدەبێ و ئێمە دەکەوینە دەیەیی سێهەمینی تێکۆشان و خەبات. بڕیاری بەڕێوەبردنی کۆنگرە لە وەها قۆناغێکی گرنگدا کە داگیرکەرانیی کوردستان، کە بە هەموو شێوازێک ناهێڵن کورد بجوڵێتەوە و بەبڕیاربوون و هێزێکی تایبەتی دەوێت. بێگوومان بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حەوتەمین بۆخۆی هێمای پابەندی و گرێدانبوونی پەژاکە بە تێکۆشانی ڕابردوو و ئەو شۆڕشگێڕانەی کە لە ڕێزەکانی پەژاکدا شەهید بوون.

ئێمە دەزانین کە لەگەڵ بەسەر کارهاتنی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشانێک بەڕێوەچوو و هەورامانیش بەشداری ئەم تێکۆشانە بوو، بە سەدان مرۆڤ شەهیدبوون و کەوتنە گرتووخانەکان، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی کە بانگەشەی پێشەنگایەتییان دەکرد نەیانتوانی ڕۆڵی خۆیان بەشێوەیەکی ڕاست و درووست بگێڕن. دەزانین لە دەیەی نەوەدەکانی زایینی یان دەیەیی حەوتای هەتاوی بێدەنگییەک باڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشابوو، واتا لە لایەک دەوڵەتی داگیرکەر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆتاییان بە پرسی کورد هێناوە و لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕەووت و پارتانەی کە پێشتر لە مەیدان بوون، گۆڕەپانی تێکۆشانیان چۆڵکردبوو. تابلۆیەکی وەها دروست ببوو دەوڵەتێک کە سنوری هاربوونی تێپەڕاندووە و سەرخۆشە کە کۆتایی بە پرسەکە هێناوە، هەرەوەها خەڵکانێک تێکۆشانێکی دە تا پانزە ساڵەی کردووە و دەستکەوتی پێویستی بەدەست نەخستووە و بێ هیوا بووە.

پەژاک لە دەیەیی یەکەمینی خۆیی بە ڕێکخستن کرد

لە بنەڕەتدا دەستێوەردانی ڕێبەر ئاپۆ و لێگەڕێنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت گەنجان و خوێندکاران پێش دامەزراندی پەژاک دەستییان دایە دەستی یەک و جارێکیتر تێکۆشانینان دەستپێکرد. وەک دەزانین ساڵی ١٩٩٩ پاش ڕفاندی رێبەر، ئەنجامی ئەم تێکۆشانە و کاردانەوەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە هەورامان دەرکەوت و هەموو کەسێک بەچاوی خۆی بینی. پاش ئەم قۆناغە پەژاک دامەزرا، پەژاک لە دەیەیی یەکەمینی خەباتیدا خۆی بە ڕێکخستن کرد و ئەو تابلۆیەیی کە ئاماژەمان پێکرد گۆڕی. واتا ئەو دوژمنەی خەیاڵێ ئەوەی دەکرد کۆتایی بە پرسی کورد هاتووە، جارێکی تر ئەم پرسە بەرۆکی گرت و ئەو خەڵکەی کە بێ هیوا ببوو، کاتێک تێکۆشانێکی نوێ و فکرێکی نوێی بینی، بووە خاوەن هیوا و گەشایەوە.

لە دەیەیی دووەمی خەباتیدا، تێکۆشانی پەژاک لە ئاستی هەموو کوردستان بوو بە خاوەن پێگە و جێگە و ناسێندرا، لە ئاستی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستانیش بڵاوبووەوە و خۆی سەلماند. خۆی بە ڕێکخستن کرد و جەماوەرێکی زۆری وڵاتپارێز ڕوویان تێکرد و بەم شێوەیە وردە وردە نەک بە تەنها لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو لە هەموو ئێراندا پەژاک دەناسرا و تێکۆشانی بەرفراوانتر دەبوو. بینیمان لە کۆتایی دەیەیی دووهەمینیدا پەیام و ئامانجی پەژاک لە چوارچێوە و فۆرمی "ژن، ژیان، ئازادی" و پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە شۆڕشێکی بەشکۆیی وەهای خوڵقاند و لە ئاست ئێران و بگرە جیهانیشدا بڵاوبوویەوە.

لە ڕاستیدا گەرچی هێندێک ڕووداو بە هەڵکەوت ڕوودەدەن بەڵام بێگومان پەیوەندییان بە ڕابردووی خۆیانەوە هەیە، گەر پێشتر ئەو تێکۆشانە بەڕێوەنەچووبایە، بەڵکو ئەو چەخماخە و ڕووداوە نەبووایە بە هۆی ئەوەی کە تێکۆشان ئاوها بڵاوبێتەوە و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بێتە ئاراوە. نابێت ئەم دوو مژارە لە یەکتری جیابکەینەوە. تێکۆشانی پەژاک کاریگەری هەبوو لە دەستپێکردن و گڕووتینبوونی ئەو شۆڕشە.

لە ڕاستیدا پەژاک ٢٠ ساڵ پێش و لە کۆنگرەی یەکەمەوە ئەم دروشمەی گووتەوە، هەر بۆخۆی ناوی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، دوو بەش لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە خۆ دەگرێت، واتا ژیان و ئازادی بنەمای تێکۆشانی پەژاکیش ژنە. لە بنەمادا گەر ئێمە بە پەژاک بڵێین پارتی ژن، ژیان، ئازادی ئەوە بە هەڵەدا نەچووین و پەیوەندیدارە.

بەهەرحاڵ پەژاک لە سەرەتای دەیەیی سێهەمینیدا تێکۆشانی خۆی، کۆنگرەی خۆی بەڕێوەبرد. وێڕایی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە پەژاک مسۆگەری کردوون و هەروەها کە باسمکرد؛ ژن، ژیان، ئازادی دابڕاو نیە لە تێکۆشانی پەژاک، بەڵام پەژاک هێشتا ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئازاد نەکردووە و نەیتوانی بە تەواوی تێکۆشانی گەلای ئێران بگەیەنێت بە ئەنجام و کۆتایی بەو دەسەڵاتدارییە بهێنێت. واتە پەژاک هێشتا کار و بەرپرسیارێتی زۆی لە پێشە. بێگومان پەژاک سەرەڕای هەموو فیداکاری و قارەمانییەکان، کەموکوڕی و لاوازیشی بووە، هەربۆیە بە بوێرییەوە ئەو کەموکوڕیانە شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکات، لە بنەڕەتدا کۆنگری حەوتەمین گۆڕەپانێک بوو بۆ شرۆڤەکردنی ئەم یەکەیە. گۆڕەپانێک بوو کە ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی گەلەکەمان بەرهەم هاتوون بە چەشنی پاڵپشت و پاڵنەرێک بۆ تێکۆشان جارێکی دیکە جەختییان لەسەر کرایەوە، لە هەمانکاتدا گۆڕەپانێک بوو بۆ شیکردنەوە و شۆڕڤەکردنی کەموکوڕییەکان و ڕەخنە و ڕەخنەداین، هەم لەئاست بەڕێوەبەری پەژاک و هەموو ئەندامانی پەژاک و بەتایبەت ئەندامانی گۆنگرە، لە کۆتایی ئەمەشدا بڕایار و پلانێکی تێر و تۆکمە دەرکەوت. هەربۆیە پەژاک بە هێزێکی زیاترەوە دەیەیی سێهەمینی تێکۆشانی خۆی دەستپێدەکات. ئێمە دڵنیایین کە بە پشت بەستن بە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ماوەی ٥٠ ساڵدا و بە پشت بەستن بە تێکۆشانی ٣٠ ساڵەی بزووتنەوەی ئاپۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت دوو دەیەی تێکۆشانی پەژاک، دەتوانین دەیەی سێهەمین بە دەستکەوتی سەرکەووتنی گەورە هەتا کۆتایی هێنان بە داگیرکاری کۆماری ئیسلامی تێکۆشانێکی ڕاست بەڕێوەببەین. ئێمە بە بڕیار و بانگەشەین، وێڕای هەموو کەموکورتیەکانمان، دەبێت ئەم سەرکەوتنە مسۆگەر بکەین تا بتوانین ببین بە لایەقی ڕێبەر ئاپۆ، گەلەکەمان، شەهیدن و بنەماڵە سەربەرزەکانیان.

پێویستە گەلەکەمان لە هەورامان بە هەموو هێز و توانایەوە خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ بکات

بابەتێکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێبکەم، دەستپێکردنی هەڵمەتی "ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کوردە" ئەم هەڵمەتە بووەتە هەڵمەتێکی جیهانی لەمرۆدا بە تەنها گەلی کورد نیە کە خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکات، بەڵکو ڕێبەر ئاپۆ بووەتە ڕێبەرێکی جیهانی. بینیمان بە ڕاگەیاندی ئەو هەڵمەتە لە سەرانسەری جیهاندا خەڵکی هاتنە مەیدانی خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ دەکات. بێگوومان ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەیە وەک گەلی کورد زیاتر دەکات. بە تایبەت ئەرک و بەرپرسیارێتی خەڵکی هەورامان. با لەبیرمان نەچێت کە یەکەمین کەسێک باوەڕی بەوەبوو پێویستە لە "مەد تیڤی" بەرنامەی هەورامی هەبێ بۆ ئەوەی کە ئەو گەل و فەرهەنگە لە ناونەچێ، ڕێبەر ئاپۆ بوو. هەربۆیە بەڕاستی گەلەکەمان لە هەورامان پێویستە بە هەموو هێز و توانایەوە خاوەندارێتی لە ڕێبە ئاپۆ بکات. لە هەموو چین و توێژێکانی خەڵکی هەورامان خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکات. لەبەر ئەوەی خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەیە. گەر سەرنج بدەنە ناوی کەمیپنەکە بۆخۆی ناوەکەی ئەمەیە "ئازادی جەستەی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ پرسی کورد". لە بیرمان نەچێت کە تەنیا لە پرۆژەی ڕێبەر ئاپۆدا، واتا پرۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا خەڵکی هەورامانیش دەتوانێ ببێت بە خاوەنی مافەکانی، چوونکە لەم پرۆژەیەدا هەموو فەرهەنگ، نەتەوە و هەرێمێک دەتوانێت بە ڕەنگ و دەنگ و تایبەتمەندی خۆیەوە ژیان بکات، خۆی بە ڕێکخستن بکات و بەڕێوەببات و بەشداری لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بێت.

لە پرۆژەی داگیرکەراندا نەک تەنیا بۆ خەڵکی هەورامان، بەڵکو بە هیچ کوردێک ماف و پێگەیەک نیە. هەوڵی داگیرکەر ئەوەیە کە کورد نەمێنیت، یان ئەوەی کە کوردێکی گوێڕایەڵ و بێ ئیرادە کە لە خزمەتیدا بێت بوونی هەبێت. داگیرکەر دەیەوێت نکۆڵی لە کوردی ئازاد بکات، کە لەئەنجامی تێکۆشانی بزووتنەوەی ئاپۆیدا ئافرێندراوە. ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە لە پرۆژەی داگیرکەراندا هیچ پێگە و مافێک بۆ گەلی کورد و بەتایبەت بۆ خەڵکی هەورامان بوونی نیە. پرۆژەی کوردایەتی کلاسیک و تەسکی دەوڵەت نەتەوەیی کە هەموو ڕەنگ و دەنگ و تایبەتمەندییە جیاوازەکان دەکات بەیەک و نکۆڵییان لێدەکات، لەمەشدا هیچ ڕێگا و مافێک بۆ گەلی هەورامان نیە. لە ئۆپۆزیسیۆنی شۆڤێنیستی ئێرانیش کە لەهەوڵی ئەوەدان کۆماری ئیسلامی بڕوات و خۆیان بێن و هەمان سیاسەت و زهنیەت بەسەر خەڵکی هەوراماندا بسەپێنن، پرۆژە و چارەسەری و مافێک بۆ خەڵکی هەورامان نیە.

هەموو ئەمانە بەڕوونی پیشاندەری ئەوەن کە تەنیا پرۆژەیەک دەتوانێت وەڵامدەرەوەی خەڵکی هەورمان بێت؛ پرۆژەی پەژاک و رێبەر ئاپۆیە، ئەمەش تەنیا دروشم و بانگەشە نیە. ئەمە لە گوتار و کردارد سەلمێنراوە، ڕۆژئاوای کوردستان نموونەی زیندوو و بەرچاوە کە چۆن هەموو نەتەوە، فەرهەنگ، زمان و جیاوازییەکان لە پاڵ یەکتردا ژیان دەکەن و خۆیان بەڕێوەدەبەن. هەروەها لە باکووری کوردستان هەردوو زاراوەی کورمانجی و زازاکی خەریک بە بەشداری سیاسەتن و گەشە بەخۆیانەوە دەبینن. ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئاپۆی ئەگەر چی تێرکەریش نەبووبێت، بەڵام هەوڵی داوە هەموو بەشەکانی فەرهەنگ و نەتەوەی کورد بپارێزێت.

جارێکی دیکە داوا لە خەڵکی خۆشەویستی هەورامان دەکەم کە هەوڵ بدەن زیاتر لەگەڵ پرۆژەکانی پەژاک بن و بێگومان هەوڵبدەن زیاتر ئاشناییبن و لێکییان بدەنەوە، هەروەها بەشداری لە هەڵمەتی "ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد"ببن. جارێکیتر بەڕێوەچوونی حەوتەمین کۆنگرەی پارتی ژیانەوەی کوردستان لە هەمووان پیرۆزبێت.