لە هێرشێکی درۆنی دەووڵەتی تورکی داگیرکەردا لە ناوچەی سەید سادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆ سەر ئۆتۆمبێلی رۆژنامەوانانی کورد کە دوێنێ هەینی ئەنجامدرا، رۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون. لە هێرشەکەدا شەش رۆژنامەوانی دیکە کە رێبین بەکر بەرپرسی دیجیتاڵ میدیای دەزگای چاپ و بڵاوکردەوەی چەتریشیان لەناودابوو، برینداربوون.
یەکێتی رۆژنامەوانی ژنی کوردستان (رۆژن) بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانان و تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، " هێرشی سەر رۆژنامەوانانی کورد کە رۆژی ٢٣ی ئاب بە هاوکاری تورکیا و پەدەکە لە ناوچەی سەید سادق ئەنجامدرا بە توندی شەرمەزار دەکەین و بۆ رای گشتی رادەگەیەنین کە لێپێچینەوە لەو تاوانە دەکەین. سەرەخۆشی لە بنەمای هاوپیشەکانمان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دەکەین کە لە هێرشەکەدا ژیانیان لەدەستدا، هەروەها سەرخۆشی لە خەباتکارانی راگەیاندنی ئازاد دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین.
هێرشەکەی سەیدسادق لە ساڵیادی هێرشەکەی دژ بە تیمی ژن تیڤی کە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ لە سەر رێگەی قامیشلۆ-عامودێ ئەنجامدرا، رووداوێکی بە رێکەوت نییە. تیرۆرکردنی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی رۆژنامەوان – ئەکادیمیسیان ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سلێمانی، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر رۆژنامەوان پەخشان عەزیزی لەلایەن رژێمی ئێران لە ٣ی تەمووزی و لەم دوایین نمونەشدا کردنەئامانجی هاوپیشەکانمان لە هێرشەکەی سەیدسادق دەریدەخات کە دەسەڵات دەیەوێت راستیەکان پەردەپۆش بکات. لە ٨ی تەمووزیشدا تیرۆرکردنی خەباتکاری چرا ئێف ئێم موراد میرزا ئیبراهیم لە شەنگال دەرەنجامی هەمان هەوڵی دەسەڵاتە.
دەوڵەتی تورکی قڕکەر لەلایەکەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی رۆژنامەوان تیرۆر دەکات و لە لایەکیشەوە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا سیاسەتی دەستبەسەرکردن، زیندانکردن، توندوتیژی و گوشار بۆ سەر رۆژنامەوانان درێژە پێدەدات.
ئێمە ئاشکراتان دەکەین
ئێمە وەک رۆژن دەمانەوێ جارێکی دیکە ئەو راستیە بە بیربهێنینەوە: ئێوە ناتوانن بە هێرش، گوشار و کۆمەڵکوژی رۆژنامەوان کە داواکارییە دیموکراتیک و ئازادیپارێزەکانی کۆمەڵگا دەگوازنەوە و بۆ گەیاندنی راستی سڵ لە هیچ جۆرە مەترسیەک ناکەنەوە، ئێوە ناتوانن بەر بە راگەیاندنی ئازاد بگرن کە راستیەکان رووماڵ دەکات. ئێوە ناتوانن ژنانی رۆژنامەوان کە دەبنە دەنگی ئەو ژنانەی بە فەلسەفەی ' ژن، ژیان، ئازادی' رژاونەتە شەقامەکان، چاوترسێن بکەن و پاشەکشێیان پێبکەن. ئەو راستیانەی ئێوە هەوڵ دەدەن بیانشارنەوە، ئێمە بە فکر، پێنوس و کامێراکانمان دەیانخەینەڕوو. بە رووماڵ و کاری راگەیاندنی ئازادی خۆمان لێپێجینەوەتان لەگەڵ دەکەین. ئێمە وەک هاوپیشەکانمان رۆسیدا، گوڵستان و هێرۆ باجەکەی چی دەبێت با ببێت، بەدواداچوون بۆ راستیەکان دەکەین، رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە و سیاسەتی چەپەڵ ئاشکرا دەکەین.
داوا لە راگەیاندنی نێونەتەوەیی، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و رێکخستنەکانی ژنان دەکەین کە لە دژی سیاسەتەکانی شەڕ و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی رۆژنامەوان هەڵوێستیان هەبێت و بکەونە جموجۆڵەوە.
یادی هاوپیشەکانمان بە کاری راگەیاندنی ئازایانە بە زیندوویی رادەگرین و دەبینە دەنگ و وتەی ژنان و کۆمەڵگا کە لەپێناویاندا گیانی خۆیان بەخت کرد".