سەروناز ئەحمەدی لە زیندانی ئێڤین مانگرتنی راگەیاند

سەروناز ئەحمەدی لە دەستگیرکراوانی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی کە لە زیندانی ئێڤین راگیراوە و نەخۆشی درژخایەنی هەیە، لە دژی پێنەدانی مۆڵەتی پزیشکی، مانی لە بەکارهێنانی دەرمانەکانی نەخۆشیەکەی گرت.

بە گوێرەی هەواڵێکی رادیۆ فەردا سەروناز ئەحمەدی چالاکوانی مافی منداڵان و زیندانی سیاسی لە دژی پێنەدانی مۆڵەتی پزیشکی و رەتکردنەوەی داواکاریەکەی بۆ ئازادبوونی مەرجدا، مانی لەبەکارهێنانی دەرمانەکانی "دڵەڕاوکێ" و "بورانە" گرتووە.

ئەو زیندانیە سیاسیە بە بەرپرسانی زیندانەکەی وتووە، کە لە ئەگەری تێکچوونی باری تەندروستی و بوورانەوە، مافی ئەوەیان نییە دەرمانەکانی بۆ بەکاربهێنن.

ئەو ژنە زیندانیە سیاسیە کە ماوەی ١٦ مانگە و بە هۆی بەشداری لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی زیندانی کراوە، سەرباری راپۆرتی پزیشکی بەوەی دۆخی گونجاو نییە بۆ مانەوە لە زیندان، بەڵام رێگری لە مۆڵەتی پزیشکی و ئازادکردنی مەرجداری دەکرێت.