"تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان کارێکی تەواو ترسنۆکانەیە"

لقی عێراقی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی ژنان لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی بە ئامانج کردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین دەکات.

لە راگەیەندراوێکدا لقی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی ژنان لە رادیۆ و تەلەڤزیۆن (IAWRT) وێڕای شەرمەزارکردنی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا رایگەیاندووە: " هێرش و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان کارێکی تەواو ترسنۆکانەیەو پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس پاریزاو بن".

 دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

وەک لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن - IAWRT، ئیدانەی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکەین کە ڕۆژی ٢٣-٨-٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج.

 هەردوو ڕۆژنامەنووس، هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا ماوەی چەندین ساڵە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکەن و بوونەتە گەیاندنی دەنگی ئازاد.

هێرش و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان کارێکی تەواو ترسنۆکانەیەو پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس پاریزاو بن، داوا دەکەین ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەموو وڵاتانەوە بۆ پاراستنی یەکدی دەنگیان یەکبخەن.

لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن- IAWRT