ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە: لە دژی توندوتیژیی سەر ژنان لە هەموو شوێنێکدا تێدەکۆشین

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لەبارەی هەڵمەتی "Me too" (منیش) کە گوشار و توندوتیژیی سەر ژنان ریسوا دەکات رایگەیاند، "ئەوانەى دەبێت بێدەنگ بن ژنان نین، بەڵکو بکەرانن. دەبێت خۆتان نەک لە ژنان، بەڵکو لە پەلاماردەران و ەستدرێژکاران توڕە بکەن".

ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە لەبارەى هەڵمەتی "Me too" ، کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەیکان دەستیپێکردووە و ئیدانەى پەلامار و دەستدرێژی و توندوتیژی بۆ سەر ژنان دەکات، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "چەند رۆژە شایەتی بڵاوکردنەوەى بابەتی ئەوە ژنانەین، کە لەلایەن پیاوانەوە توندوتیژییان کراوەتە سەر و پەلامار دراون. یەکگرتوویی ژنان و رێکخراوەکانیان وەرسوڕاوە بۆ راپەڕینێک. ئێمە جارێکیتر بینیمان، کە دەیان هەزار ژن، جا پێگە و ناوبانگیان چی بێت، لەلایەن پیاوانەوە پەلامار دراون. ئەو ژنانەشی ئەو پەلامارانەى پیاو ئاشکرا دەکەن، دەبنەوە ئامانج.

ئێمەى ژنان دەزانین دەیانەوێت ئەو چالاکییە لە دژی پەلاماردان، دەستدرێژی و توندوتیژیی پیاوان بە سیاسەتی گوشاری دەسەڵاتدارانی پیاوسالار لە ناو ببەن. بە هێرشکردنە سەر ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیانەوێت ژنان بێدەنگ بکەن.

ئێمە لە ئەنجوومەنى ژنانی هەدەپە لە دژی پەلامار، دەستدرێژی و توندوتیژیی پیاوان لە پەرلەمان و کۆڕ و کۆمەڵەکان، شەقام، ماڵان، کارگەکان و شوێنەکانی کارکردن و هەموو شوێنێکدا، تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر دەکەین. لە دژی سیاسەتی دەسەڵاتداریی سیاسەتی ئازادیخوازیی ژنان بڵاودەکەینەوە و لە پێناو دادگایکردنی پیاواندا بەرگری لە دادپەرەوەری دەکەین.

هەموو ئەو ژنانەى لەلایەن پیاوانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، دەبێت باش ئەوە بزانن، کە ئێمەى ژنانی هەدەپە لەگەڵتانین. ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەداین، کە لە بەرامبەر توندوتیژیی پیاوان بێدەنگ نابن و ئێمە دەست لە تێکۆشانی خۆمان هەڵناگرین. ئەوانەى دەبێت بێدەنگ ببن ژنان نین، بەڵکو ئەنجامدەرانن. دەبێت لە بریی خۆتوڕەکردن و بێزاربونتان لە ژنان، لە پەلاماردران بێزار و توڕە ببن".

ژ.ت