ژنە زیندانیکراوەکانی زیندانی ئەوین ڕەتیان کردەوە بچنە بەردەم داواکاری گشتی

٥ ژنە زیندانیکراوی زیندانی ئەوینی تاران کە بە ئەشکەنجەخانە ناسراوە، بانگهێشتی داواکاری گشتییان ڕەتکردەوە و ئیفادەیان نەدا.

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند داواکاری گشتی زیندانی ئەوین داوای کردووە نێرگز و ٤ ژنە زیندانیکراوی تر ئیفادە بدەن، بەڵام ژنە زیندانییەکان داواکارییەکەیان ڕەتکردۆتەوە.

بەقسەی نێرگز محەمەدی، خۆی و وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و مەحبوبە ڕەزایی و پەریوش موسلمی کە لە زیندانی ئەوینن، دەبوو ڕۆژی دووشەممە ئیفادەیان بدایە بە داواکاری گشتیی ئەردەبیل.

دووپاتکرایەوە، ئەم ٥ زیندانییە سیاسیی و چالاکوانانەی مافی مرۆڤ، بۆ شەرمەزارکردنی بڕیاری لەسێدارەدان، ئیفادەدانیان ڕەتکردۆتەوە.

پاش ئەوەی زیندانیکراوی کورد ڕەزا ڕەسایی لە ٦ ی ئابی ٢٠٢٤ لەسێدارە درا، زیندانیکراوە ژنەکان لە زیندانی ئەوین، بڕیارەکەی دەوڵەتی ئێرانیان شەرمەزار کرد. پاسەوانەکان هێرشیان کردە سەر زیندانییە ژنەکان و چەند زیندانییەک برینداربوون.