لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە چوارچێوەی کەمپەینی "تیشکەکانی خۆر" کە ٢ ی ئەیلول لەلایەن بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) دەستی پێ کرد، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.
ڕێپێوانەکە لەلایەن کۆمەڵەی ژنانی زین ڕێکخرا، تێیدا پانکارتی "تیشکەکانی خۆر، ئازادی بۆ ئۆجالان؛ چارەسەر بۆ پرسی کورد" و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵگیرا. درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزكرایەوە.
ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زین، هێلینا دێرسیم بە زمانی فەرەنسی قسەی کرد و تیشکی خستەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و گرنگی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ تەواوی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد، داوای کرد هەمووان دژی کۆڵۆنیاڵیزمی سەرمایەداری تێبکۆشن.
وتەبێژی کۆمەڵەی ژنانی زین، ڕۆشنا چەولیگ بە تورکی قسەی کرد، تیشكی خستەسەر هەڵمەتی ئازادی و گوتی: "ئازادی ڕێبەرمان ئازادی گەلەکەمان و بەتایبەت ژنان و بندەستانە. تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی، لە گۆڕەپانەکان دەبین".
هاوسەرۆکی دەکتەمی ستراسبۆرگ سیدار ئامێدی بە کوردی قسەی کرد، گوتی: "ڕێبەرێتیمان ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کوردە. بۆ چارەسەری پرسەکە، پێویستە دامەزراوەکانی ئەوروپا و بەتایبەت سی پی تی دەستبەجێ بچنە ئیمراڵی و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن".