ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕی: ئەم دادگایە ژنان ناپارێزێت

نووسینگەی ئامەدی کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند کە دادگای تورک ژنان ناپارێزێت، گوتی: "هەموومان لەژێر هەڕەشەداین".

نووسینگەی ئامەدی کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنان بەبۆنەی دەسپێکی ساڵێکی دادوەرییەوە لەبەردەم دادگای ئامەد ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و تیشکی خستەسەر توندوتیژی دژی ژنان لە سیستەمی یاساییدا.

بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و ژمارەیەک پارێزەر بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون. پارێزەر جانسەل ئاتالای ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند ژنان بە دەسەڵاتە هەژموونگەرە جۆراجۆرەکانی پیاوان گەمارۆدراون. تەنها لە مانگی ئابدا ٣٣ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ٢٤ ژن بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە. ڕۆژانە لانی کەم ٥ ژن دەکوژرێن. ئاتالای ڕایگەیاند بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی سەر ژنان، هیچ ڕێکارێک نەگیراوەتەبەر، سیاسەتی دەربازبوون لە سزا لە کەیسی توندوتیژی ژناندا پیادە دەکرێت، گوتی: "ئەم یاسایەی هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدەین، ئێمە ناپارێزێت. هەموومان لەژێر هەڕەشەداین".