ئایدەنیز: خۆڕاگری لە کۆڵانەکان بەرفراوانتر و بەردەوام دەبێت

سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە لە بەرامبەر ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی نارەزایەتیەکی توندی پیشاندا و وتی، دەبێت ژنان کورد کە بۆ هەموو جیهان بوون بە سەرچاوەی ئیلهام، بە تەنها نەهێڵرێنەوە و جەختیشی کردەوە، خۆڕاگریان بەردەوام دەبێت.

لە نووسینگەی پەیوەندیە گشتیەکانی پارتی هەرێمەکانی دیمۆکراتیک-دەبەپە لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، رۆژنامەنووس، ئەندامانی شارەوانی، بەڕێوەبەر و ئەندامانی رێکخراوەکانی ژنان کە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی قڕکردنی سیاسیدا لە ئامەد دەستگیر کران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کە بە پێشەنگیی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە بەڕێوە چوو، هەر یەک سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، ئیدیل ئۆغورلو هاووتەبێژی کۆنگرەی دیمۆکراتیکی گەلان-هەدەکە، هەر یەک دەرسیم داغ، رەمزیە توسون و فەلەکناس ئوجا پارلمانتەرانی هەدەپە ئامادە بوون.

'تا کۆتایی ئێمە تێدەکۆشین'

سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، بۆ سەرتاسەری جیهان و بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە سەرچاوەی ئیلهام و وتی:"بوون بە سەرچاوەی ئیلهامی بزوتنەوەی ژنان، دەسەڵاتی فاشیستی ترساند. لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵاندا، ئەمڕۆ دەرگای ماڵان شکێنران و بە شێوەیەکی نایاسایی هەڤاڵانمان دەستگیر کران. ئەمڕۆ ژنان لە دژی ئەم کردەوە فاشیستانە لە تێکۆشاندان."

ئایدەنیز تیشکی خستە سەر تێکۆشانی گەورەی ژنان و بەم شێوەیە دوا:"بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، نە تاکەکەسیە و نەک تەنها رێکخراوێکە، بەڵکو سیستمێکە. بزوتنەوەی ژنانی ئازاد لەگەڵ ژیانێکی ئازاد و یەکساندایە. سیستمی فاشیستیش نە ژنان دەناسێت و نە دیمۆکراسی. تێکۆشانی ژنان سیستمە. ئێمەش پارچەیەکین لەو سیستمە. بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بە تەنها نیە. هەموو رۆژێک بە چاونەترسانە هەنگاو دەنێت و گەورەتر دەبێت. بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و بزوتنەوەی ئازادی کورد، تا کۆتایی تێدەکۆشن و گەورەتر دەبن."

'دەبێت ئەو ژنانەی بۆ جیهان بوون بە سەرچاوەی ئیلهام بە تەنها نەهێڵرێنەوە'

ئایدەنیز تیشکی خستە سەر ئەوەی، ژنان واز لە تێکۆشانیان ناهێنن و هەنگاو بەرەو دواوە نانێن و ئەم پەیامەی دا بە گوێی فاشیستان:"ژنان بە قوربانی و تێکۆشانێکی گەورە، دەستکەوتیان بەدەست هێناوە و بۆ هێشتنەوەی ئەو دەستکەوتانەش، تێشکۆشانیان بەردەوام دەبێت و لە شەقام و کۆڵان و ریکخراو و ئەنجومەن و لە هەموو گۆڕەپانێکی ژیان، ئەم تێکۆشانە بەردەوام دەبێت. هیچ کات هەنگاو بەرەو دواوە نانێین. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە باش بزانێت. دەبێت ژنانی کورد کە بۆ هەموو جیهان بوون بە سەرچاوەی ئیلهام، بە تەنها نەهێڵرێنەوە. هێرشکردنە سەر ژنانی کورد، بە واتای هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی ژنانی تورکیا و جیهانیش دێت. هەمیشە لە دژی ئەو هێرشانە دەوەستینەوە. چونکە ئێمە خاوەنی میراسێکی گەورەین. ئێمە هەڵگری میراسی رۆسا و کلارا و ساکینە جانسزین. ئێمە خاوەنداری لەم میراسە دەکەین و درێژە بە خۆڕاگریمان دەدەین."

ز.ش