ئەڤینى رۆژئاوایى لە شوێنى کوژرانەکەیدا یادی کرایەوە

کۆچبەرێکى کوردی رۆژئاواى کوردستان بە ناوی ئەڤین ئەکرەم عەلی دوێنێ لە شاری لاڤیرۆ لە یونان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا. کوردستانیان کوژرانەکەیان ئیدانەکرد و لە شوێنى کوژرانەکەیدا چالاکییەکیان ئەنجامدا.

سەدان کەس لە کامپی کاڤیرۆی کۆچبەرانیى کورد کۆبوونەوە و بۆ ئەڤین چالاکییان ئەنجامدا و یادیان کردەوە.

یادکردنەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی و رێزگرتن دەستیپێکرد. دواى ئەوە سالیحە رۆژ وتەیەکى پێشەکەشکرد و سەرەنجی خستەسەر ئەوە، لە ناو کۆمەڵگەدا ژن وەک خزمەتکاری منداڵ و رۆڵی ناموس سەیر دەکرێت و وتی "ژن وەک خزمەتکاری منداڵ و ناموسە. ژنان نیوە دانیشتوانى گۆی زەوی پێکدێنن و دایکى نیوەکەى تریشین. ناموس بۆ ئێمە ئازادیمانە و تاوەکو دوا هەناسە بۆ ئازادیى ژن تێدەکۆشین".

هاووڵاتییەکى تر بە ناوی رۆشەن وتی "هەموو رۆژێک لە زۆر شوێنى جیهان بە پاساوی جۆراوجۆر ژنان لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن. هۆکار و پاساوەکان هەر چییەک بن ئێمە کوشتنى ژنان قبوڵ ناکەین و بە ئاسایى نازانین. کوشتنى ژنان بە مانای کوشتنى ژیانە".

دواى پێشکەشکردنى وتەکان سەدان کەس چوونە ئەو شوێنە، کە ئەڤینى تیادا کوژرابوو و رێپێوانێکى بێدەنگیان رێکخست. لەو شوێنەدا ئەڤینى تیادا کوژرابوو مۆم داگیرسێنران و تاجە گوڵینە دانران.

یادەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایى پێهات.

ئەڤین ئەکرەم عەلی ٢ ساڵ لەوە پێش بە کۆچبەری چووبووە یونان و دایکى ٤ منداڵە. لە نهۆمی سەرەوەى بینای پۆلیسی شاری لاڤیرۆر، کە وەک کۆچبەر ژیانیانیان تیادا دەکرد، لەلایەن بەهزاد عەلیى مێردییەوە کوژرا.

ژ.ت