باشاران: لەگەڵ هێرش و پەلەمارەکان، شارەوانیەکانمان بەردەوامن لە کار و خزمەتگوزاریەکانیاندا

ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە رایگەیاند، لەگەڵ بەردەوامی هێرش و پەلەمارەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە/مەهەپە، ئەوان بەردەوامن لەسەر کار و چالاکی و خزمەتگوزاریەکانیان و لەم چوارچێوەیەشدا ناوەندی هۆشیاری ژنان و پشتیوانیانیان بۆ ژنان کردووەتەوە

باشاران لە لێدوانێکدا کە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوی کردەوە، تیشکی خستە سەر کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ژنان و جەختیشی کردەوە دەسەڵات لەم بارەیەوە هیچ رێوشوێنێکی نەگرتووەتە بەر.

باشاران رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە/مەهەپە بە دژایەتیکردنی ژنان و گەل بە گشتی، هەوڵ دەدات وڵات پارچە بکات و ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها لە مانگی نیساندا ٢٠ ژن کوژراون، ١٦ کەسیان لەو ناوەند و شەڵتەرانە کوژراون کە دەسەڵات بانگەوای مانەوەیان بۆ دەکات.

باشاران وتی:"زۆربەی ئەو ژنانەی لە ماڵەوەن، نزیکەی لە سەدا ٨٠یان رووبەرووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە، ل سەدا ٩٣یان رووبەرووی توندوتیژی دەروونی بوونەتەوە و داواکاری بۆ مانەوە لە ناوەند و شەڵتەرەکان، لە سەدا ٧٨ زیادی کردووە."

باشاران هاوکات رایگەیاند، دەسەڵات لە جیاتی پاراستنی ژنان، توندوتیژی و کردەوە ناڕەواکانی دژی ژنان دەپارێزێت و وتی:" دەوڵەت بە دەستی خۆی ژیانی ژنانی خستووەتە ناو مەترسیەوە."

'لە ئێستادا ١٢ هاوسەرۆکی شارەوانیەکانمان زیندانی کراون'

باشاران تیشکی خستە سەر فشارەکانی سەر شارەوانیەکانی هەدەپە و ئەوەشی بە بیر هێنایەوە کە تەنها لە ماوەی دروستبوونی قەیرانی کۆرۆنا لە ٨ شارەوان قەیوم جێگیر کراون و وتیشی، تا ئێستا لەو ٤٠ شارەوانیەی بەدەست کوردەوەیە، ١٢ هاوسەرۆک کە ژنن، لە ئێستادا لە زینداندان."

لە بەردەوامی قسەکانیدا باشاران وتی:"شارەوانیەکەمان لە شاری قەرس ئەو خەبات و ئەرکانە جێبەجێ دەکات کە لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە. ناوەندی هۆشیاری ژنانی دروست کردووە، مۆر کافەی کردووەتەوە. هاوکات شارەوانیەکانمان لە سلۆپی و سێرتیش بە هەمان شێوە ئەو کار و خەبات و خزمەتگوزاریانە ئەنجام ئەنجام دەدەن کە لە راستیدا لە ئەستۆی دەوڵەتدایە و دەبێت دەسەڵات ئەنجامیان بدات. شارەوانی سێرت ناوەندی پشتیوانی ژنانی بۆ خزمەتکردنی ژنان دروست کرد. ئەکادیمیای وەرزشی بۆ ژنانی کردووەتەوە. واتە لەگەڵ ئەو زەخت و فشارانەی لە بەرامبەر شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرایەتیە خۆجێیەکانمان دەکرێت، بەڵام بەردەوامن لە خزمەتکردنی ژنان و بە گشتی گەل."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا باشاران بانگەوازیەکیشی بۆ پشتیوانیکردن لە گولستان دۆکو کە لە دێرسم بێسەروشوێن کرا، بڵاو کردەوە.

ز.ش