توندوتیژیی دژ بە ژنان ٤٧ هێندە زیاترە لەو ئامارانەى بڵاودەکرێنەوە

ناوەندی لێکۆڵینەوەى سۆسیۆ سیاسەت لە تورکیا رایگەیاند، توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان ٤٧ هێندە زیاترە لەو ژمارە و ئامارانەى لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێنەوە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەى سۆسیۆ سیاسەت لە تورکیا لێکۆڵینەوەى لەسەر ئامار و داتا بڵاوکراوەکانی توندوتیژی لە دژی ژنان و منداڵان لە میدیاکاندا کرد.  

لە میدیا ٣٨ رووداوی توندوتیژی لە دژی ژنان بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە راستیدا ١٧٩٢ رووداوی توندوتیژی لە دژی ژنان روویداوە

لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکان لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ تاوەکو ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەنجامدراوە.

ناوەندەکە رایگەیاند، لەو ماوەیەدا ٢ هەزار و ٥٦٣ رووداوی توندوتیژی لە دژی ژنان و منداڵان لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.

هەروەها لە ئامەد ٣٨ رووداوی توندوتیژی لە دژی ژنان لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە راستیدا ١٧٩٢ توندوتیژی لە دژی ژنان ئەنجامدراوە و ئەوەش لە تۆماری رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنی و ژناندا تۆمار کراوە.

لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، رێژەى خۆکوشتن بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە.

باسی ئەوەشکراوە "هەر وەک لە نمونەى ئامەد دا دەبینرێت، ژمارەى حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان، کە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ژنان و حکومییەکانەوە تۆمار کراون ١٧٩٢ توندوتیژین، بەڵام لە میدیاکاندا ئەو ژمارە زۆرە لە توندوتیژی تەنها بە ٣٨ حاڵەت و رووداوی توندوتیژی بڵاوکراوەتەوە. ئەوەش نیشانی دەدات، توندوتیژی لە دژی ژنان ٤٧ هێندە لەو ئامار و داتایانە زیاترە، کە لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە".

ژ.ت