جوانە سنە: ئێران دەسەڵاتێکی دژە ژنە

ساڵێک بەسەر پڕۆژە ١٣ خاڵییەکەی کەژاردا تێدەپەڕێت، کە پێشکەشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردبوو. کەژار پرۆژەکەى بە چارەسەریى کێشەکانى ژنانى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دەبینێت و وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

لە چوارچێوەی ئەو توندوتیژیانەی ڕوبەڕوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبنەوە، کۆمڵگەی ئازادی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ساڵی ڕابردودا پڕۆژەیەکی فراوانی پێشکەش کرد و لەسەر ١٣ خاڵدا ژنانی ئەرکدار کرد، دەربارەی ڕێگری و ئاستەنگییەکانی ئەو پڕۆژەیە دەسەڵاتی ئێران بە هۆکار دەزانن و دەڵێن: "ئێران دەسەڵاتێکی دژە ژنە".

ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەژار لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: ساڵێک لەمەوپێش لە ٢٥ی ئاب پڕۆژەیەکمان پێشکەشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد، ئێمە وەکو کەژار بە پێویستمان زانی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشکەشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەین لە کاتێکدا ژنان ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە و لە خراپترین بارودۆخدا دەژین.

جوانە سنە سەبارەت بە ئاستەنگییەکانی ئەو بڕۆژەیە دەوڵەتی ئێرانی تاوانبار کرد و وتی: هیوادار بوین بەو پڕۆژەیە، کە لە ١٣ خاڵ پێکهاتبو ژنان هەنگاوێک بنێن و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن. پڕۆژەکەمان پڕۆژەیەکی ستراتیژی و ئایدۆلۆژیە و ڕژێمی ئێران بە ئامانج دەگرێت، بۆیە ناتوانین بڵێین لە یەک ساڵدا تەواوی ئامانجەکانمان دەپێکین، بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئێمە ئامانجمانە تێکۆشانێکی گەورەی دەوێت.

کەژار وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن زۆر خاڵی دیکە هەیە کە پێویستە زیادی بکەن لەسەر پڕۆژەکە، بۆ ئەو مەبەستەش کەژار لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان کۆبووەتەوە و سەردانی زۆرێک لە کەسایەتیی ژنانی ڕۆژهەڵاتییان کردوە، سەبارەت بە پێشوازیکردن لە پڕۆژەکە جوانە وتی: پێشوازی تا ئاستێک هەبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی هەنگاوێکی ستراتیژییە ئامانجمانە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە زهنیەتدا دروست بکەین و پێویستە کارەکانیشمان بە پێی خواست و پێشنیاری لایەنەکانی تریش بێت.

هەروەها وتیشی: بەم هەنگاوەمان دەمانەوێت ڕوون بێتەوە بۆمان ئایا ئێمە چۆن دەتوانین سیاسەتێکی دیموکراتیکانە لە ئێران بەڕێوە ببەین، لە ئێستادا بە هۆی ئەوەی نەتەوە جیاوازەکان و ئایینە جیاوازەکان لە جوگرافیای ئێران جێگایان نییە، زەمینەیەکە بۆ ئێمە کە بتوانین پڕۆژەیەکی چارەسەری دیموکراتی پێشنیار بکەین و پێشی بخەین.

دەربارەی سیاسەتی ئێران لەسەر کۆمەڵگا و بە تایبەتی سیاسەتی لەبەرامبەر ژن جوانە سنە وتی: خاڵێکی گرینگ لە پڕۆژەکەدا ئەوەیە کە ئێمە وەک ژنان بتوانین پێناسەیەکی دروست بۆ ئازادی بکەین، چونکە لە ئێراندا ئازادی سانسۆر کراوە و بەپێی سیاسەتی دەوڵەت پێناسەی بۆ کراوە. لێرەدا یەک دەنگی و یەکڕیزیی ژنان پێویستە و ئێمەش بە تایبەتی لەسەر ئەو خاڵە دەوەستین و تێکۆشانی بۆ دەکەین. دەسەڵاتی ئێران لەسەر چەند پێگەیەک دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێت لەوانەش جنسیەتگەرایی و دینگەرایی و نەژادپەرەستی کە لەناو کۆمەڵگادا پەرەی پێ دەدات. ئێران بە شێوازێک کۆمەڵگاکەی چەوساندووەتەوە، کە فۆرمی ژنی دروست کردووە ئایە لە ناو کۆمەڵگادا چۆن بێت، لە ناو خێزاندا چۆن بێت و ژن دەتوانێت چەند منداڵی ببێت، ئەمەش شەڕێکی تایبەتە لە بەرامبەر ژناندا، بۆیە پێویستە ژنان بە هۆشیاریەوە لە بەرامبەر ئەمە ڕاوەستن.

لە کۆتایی قسەکانیشیا داوای کرد، ژنان بە ڕۆڵی خۆیان هەستن و ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانییانە جێبەجێى بکەن، ئەگەر لە باکوری کوردستان دەست لە دایکێک بەرز دەکەنەوە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایکان بێ دەنگ نەبن، ئەوەی کە دەتوانێت نەتەوەیەکی دیموکراتیک و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک بخوڵقێنێت ژنە، ئەوەی دەتوانێت بانگەوازی ئازادی بکات ژنە، بۆیە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارودۆخەدا پێویستە بە ئەرکی خۆیان هەستن و بێدەنگ نەبن.

ژ.ت