دروشمەکانى ژنان لە شەقامەکانى کۆلنی ئەڵمانیا دەنگی دایەوە

چالاکییەکانى ٨ی ئادار بە حەماسەت و خرۆشانێکى زۆر گەورەوە پیرۆزکران. لە زۆرێک لە شارەکاندا هەزاران کەس بەشداریی چالاکییەکانى رۆژی جیهانیی ژنانیان کرد.

رێپێوانى ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانى زەحمەتکێش لەلایەن پلاتفۆرمی ژنانى ٨ی ئادارەوە لە شاری کۆلنی ئەڵمانیا رێکخراوە و زیاتر لە ٤ هەزار ژن بەشدارییان تیادا کرد. ژنان کاتژمێر ١٥:٠٠ی دوێنێ ئێوارە لە رۆنکاپلاتز کۆبوونەوە و پێش دەستپێکردن بە رێپێوانەکەیان بە دەم گۆرانییەوە سەمایان کرد و گۆڤەندیان گێڕا.

تیپی گۆڤەندی کۆلن بە ناوی هیلالی زێڕین گۆڤەندیان گێڕا و لە گۆڕەپانەکەدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەنگی دەدایەوە. ژنان دواى ئەوەی کۆبوونەوە پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "بلۆکا فیمینست، ژن لە ئەرک و چالاکیدان" کردەوە و بەرەوە چلۆدڤیگپلاتز دەستیان بە رێپێوانکرد.

 لە رێپێوانەکەدا ژنانی کوردیش بەش و یەکەى تایبەت بە خۆیان دروستکرد. ئاڵاکانى بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا و وێنەکانى ٣ ژنی شۆڕشگێڕی کورد (سارا، رۆژبین و رۆناهی)، کە لە پاریس تیرۆرکران بە درێژایى چالاکییەکە بەرزکرابوونەوە.

ژنان کە بە شەقامە قەرەباڵغەکانی کۆڵندا رێپێوانەکەیان ئەنجام دەدا دروشمەکانی "ئێمە زۆر توڕەین"، "ئێمە رێگا بە فاشیزم نادەین"یان دەوتەوە. لە چالاکییەکەدا سڵاو بۆ شۆڕشی رۆژئاوا نێردرا و بە شۆڕشی هاوبەشی ژنان دەستنیشانکرا.

دواى رێپێوانێکى ٣ کاتژمێری کۆبوونەوەیەکی جەماوەری رێکخرا و چەندین وتە پێشکەشکران. لە وتەکاندا جەخت لەوە کرایەوە، کە بۆ ژیانێکى جوان و یەکسان دەبێت یەکێتیى نێوان خۆیان بەهێز بکەن و ئەوەش ناو بنێن "سەردەمی ژن".

پلاتفۆرمی ژنانی ٨ی ئادار سڵاوی تایبەتیشیان بۆ شۆڕشی رۆژئاوا نارد.

چالاکییەکە لە دواى پێشکەشکردنی وتەکان و ئاهەنگگێڕان کۆتایی پێهات.

ژ.ت