دەوترێت ژنێکى کورد لە بەرلین "خۆی کوشتوە"

دەوترێت ژنێکى کورد لە بەرلین بە ناوی حوڕییە ئوچار بەهۆی گوشاری بنەماڵەکەیەوە 'کۆتایى بە ژیانی خۆی هێناوە'.

حوڕییە ئوچار تەمەن ٣٨ ساڵ ئێوارەى پێرێ لە هەرێمی تیمپیلهۆف لە بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا خۆی لە نهۆمی ٧ی ئەو باڵەخانەیەى تیایدا دەژیان هەڵداوەتە خوارەوە و کۆتایى بە ژیانی خۆی هێناوە.

تەرمی ئوچار گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و دواى کاروبارە یاساییەکان بڕیارە تەرمەکەى رەوانەى زێدی خۆی بیرەجیک بکرێتەوە.

'بنەماڵەکەى گوشاریان خستبووە سەری'

رێکخراوی بواری ژنانی کورد بە ناوی دەستان و هەڤاڵە نزیکەکانى ئوچالا رایانگەیاند، بنەماڵەکەى و برا گەورەکەى گوشاریان خستبوە سەری بۆ ئەوەى خۆی بکاتە دەستگیراندار.

ئوچار ژنێکى کورد بوو، کە لەو هەرێمەدا لەلایەن خەڵکەوە خۆشەویست بوو.

'کوشتن و خۆکوشتنی ژن، سیاسەتە'

ئەنجوومەنی ژنانی دەستان، بەنەفش ئەدەسا (ئەنجومەنى ژنانی ئێزدی)، ئەنجوومەنى ژن و ژیان، فلامینگۆ ئی.ڤی لەبارەى ئەو روداوەوە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوی ئەو رێکخراوانەدا هاتووە "کوشتن و خۆکوشتنى ژنان، سیاسەتە. هۆکاری ئەو کوشتن و خۆکوشتنانە شەڕ، هەژاری، گوشار، بێئومێدبوون و سیستمی باڵادەستیى پیاوە. بەرپرسیاری هەموو ئەو روودانەوە دەوڵەتە، کە بە عەقڵییەتى باڵادەستیى پیاو بەڕێوەدەچێت".

'ئێمە ناموسی کەس نین'

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا ئەوەش هاتووە "ئێمە ماڵ، موڵک و نامۆسی کەس نین. ئێوە ناتوانن بڕیار لەسەر رۆح و ژیانى ئێمە بدەن. ئێمە تاوەکو دوا هەناسە لە دژی هەموو شێوەکانى توندوتیژی تێدەکۆشین. دوێنێ سوروجو، سەمانور و یەتەر، کە خوشکمان بوون و ئەمڕۆش حوڕییەیان لە ئێمە سەندەوە. حوڕییە لەبەر ئەوەى هیچ رێگا چارەیەکى بۆ نەهێڵرایەوە کۆتایى بە ژیانی خۆی هێنا. ئێمە بە ناوی ئەو رێکخراوانەى ژنانەوە، یادی ئەو خوشکانەمان دەکەینەوە، کە بەهۆی عەقڵییەتى باڵادەستى پیاوە لییان سەندوینەتەوە و لە یادیان ناکەین. ئێمە لە بەرامبەر کوشتاری ژناندا بێدەنگ نابین".

بانگەواز

لە راگەیاندراوەکەدا بانگەواز بۆ رێکخراوەکانى ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان کراوە، کە خاوەنداری لە تەرمی حوڕییە ئوچار بکەن.

ژ.ت