'سزای ناکاریگەر هۆکاری زۆربوونی کوشتنى ژنانە'

پارێزەر جەمیل دەمیر رایگەیاند، لەمدواییانەدا رووداوەکانى کوشتنى ژنان زیادیان کردووە و هۆکارەکەشی بۆ سزا بێکاریگەرەکان دەگەڕێتەوە و ئەوەش بوێریى زیاتر بە پیاوان دەدات.

لە تورکیا بەهۆی سیاسەتەکانى دەسەڵاتى ئاکەپەوە لە دژی ژنان، کوشتنى ژنان رووی لە زیادبوون کردووە. بەپێى ئامارە فەرمییەکانى دەوڵەتى تورک لە ساڵی ٢٠١٦ دا ٣٠٤ ژن، لە ساڵی ٢٠١٧دا ٣٥٣ ژن، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٨٠ ژن و لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٩٩ ژن لەلایەن پیاوانەوە لە تورکیا کوژراون.

بەڵام هاوکات بەپێى ئامارەکانى پلاتفۆرمی 'ئێمە رێ لە کوشتنى ژن دەگرین' لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٠٩ ژن و لە ساڵی ٢٠١٨دا ٤٤٠ ژن و لە ساڵی ٢٠١٩دا ٤٧٤ ژن لەلایەن پیاوانەوە لە تورکیا کوژراون.

پلاتفۆرمەکە رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٨٥ ژن بە چەک و ١٠١ ژنیش بە چەقۆ کوژراون و ٢٩ ژنیش بە خنکاندن و ٦ ژنیش بە دەرمان و ٢٧ ژنی تریش بە لێدان و ٦ ژنیش بە سوتان و ١٩ ژنیش بەهۆی خستنەخوارەوەیان لە بەرزاییەوە کوژراون.

١٥٤ لەو ژنانە، کە کوژراون دایکبوون و منداڵیان هەبووە و ٧ کەسی تریشیان دوگیان بوون. ئاماری کوژرانى ١١٥ کەس لەو ژنانە وەک کوژرانى گوماناوی تۆمار کراون.

لە نێوان ئاماری فەرمیی دەوڵەت و پلاتفۆرمەکەدا جیاوازییەکى زۆر هەیە و ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە دەوڵەت دەیەوێت کوژرانى ژنان لە رای گشتى بشارێتەوە.

'رووداوەکانى کوشتنى ژنان لە را گشتى دەشاردرێنەوە'

لەوبارەیەوە پارێزەر جەمال دەمیر رایگەیاند، گوشار و توندوتیژیى دژ بە ژنان کێشەیەکى قوڵە، بەڵام لەمدواییانەدا کوشتنى ژنان بە شێوەیەکى سەیر زیادیکردووە.

دەمیر راشیگەیاند، کوشتنى ژنان زۆر بۆ رای گشتى بڵاوناکرێتەوە و وتی "لەبەر ئەوەش دۆزینەوەى چارەسەرێکى حقوقی و یاسایى بۆ توندوتیژیی دژ بە ژنان هەمیشە کورتی هێناوە. کاتێک مرۆڤ لە رووی یاساییەوە لە بابەتەکە ورد دەبێتەوە ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، کە دادگاکان سزای پێویست دەرناکەن و رێگا چارەیان بۆ کێشەکە نەدۆزیتەوە. ئەوەش کێشەکەى قورستر کردووە. بە تایبەتى لە وان و ناوچەکانیدا و لە شارەکانى تری هەرێمەکەشدا ئەو کێشانە بە بەردەوام دەبینرێن و دەردەکەون، بەڵام ئێمە ئەوە دەبینین، کە لەبەر ئەو هۆکارانە رووداوەکانى کوشتنى ژنان روویان لە زیادبوون کردووە".

'کەمکردنەوەى سزا دەبێتە هۆی زۆربوونی کوشتنى ژنان'

دەمیر وتیشی "بێگومان دەکرێت یاساکان و سزاکان بۆ رێگری لە توندوتیژیى دژ بە ژنان و کوشتنى ژنان قورستر بکرێن، چونکە لە رووی یاساییەوە کەموکوڕیى گەورە دەبینرێت. بۆ نمونە دادگا بە پاساوی 'هاندراوە' سزای کەم بەسەر پیاوە بکوژەکەدا دەسەپێنێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە، کە ژنانی زیاتر بکوژرێن.

ماوەیەک لەوە پێش دادگا بەهۆی کوژرانى ژنێکەوە سزای زیندانى هەتاهەتایى بەسەر پیاوێکی بکوژدا سەپاند، بەڵام ئەو جۆرە بڕیارانە زۆر کەمن و بۆ رووداوەکانى تری کوشتنى ژنان ئەو جۆرە سزایانە دەرناکرێن و سزای کەمتر بەسەر بکوژەکاندا دەسەپێنرێت. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە ژنانی زیاتر بکوژرێن. پێویستە لەو رووەشەوە گەل تێگەیشتوو و هەستیار بێت و ناڕەزایەتى دەرببڕێت، لەو بوارەدا گەلیش کەموکوڕیى هەیە".

ژ.ت