سلێمانی یادی ساکینە جانسز، ئەحلام مەنسوور و ڕۆزا لوکسەمبورگ دەکات

لە مەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی یادی هەرسێ ژنە ڕووناکبیر و تێکۆشەر ساکینە جانسز، ئەحلام مەنسوور و ڕۆزا لوکسەمبورگ دەکرێتەوە.

بە پێی هەواڵێکی رۆژنیوز، بڕیارە سبەینێ لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی ئازادیی شاری سلێمانی، مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی هەرسێ ژنە ڕووناکبیر و تێکۆشەر ساکینە جانسز، ئەحلام مەنسوور و ڕۆزا لوکسەمبورگ بەڕێوەبچێت.

مەراسیمەکە لەلایەن کەمپەینی "دژی داگیرکاریی و ژن کوشتن بێدەنگیی بشکێنە" ڕێکخراوە و کاتژمێر ٠٢:٠٠ی دوانیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت، تێیدا جگە لە پێشکەشکردنی چەند بەرهەمێکی هونەریی و نمایشکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاریی، خەڵاتی ڕێزلێنانی ژنانی شۆڕشگێڕ دەدرێتە چالاکترین ژنی شاری سلێمانی.

ساکینە جانسز یەکێکە لە ژنە تێکۆشەرەکانی کورد و لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەگەڵ دوو ژنە شۆڕشگێڕی دیکەدا بەناوەکانی فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پیلانگێڕییەکدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدکران.

هەروەها ئەحلام مەنسوور یەکێکە لە ناوە دیارەکانی ناو کایەی ڕۆشنبیریی کوردی و ڕۆماننووس و مامۆستای زانکۆ بووە و کاری ڕۆژنامەنووسیشی کردووە، لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ کۆچی دواییکرد.

ڕۆزا لوکسەمبورگ-ی پۆڵەندی، ژنە فەیلەسوف و ئابووریناس و شۆڕشگڕی سۆسیالیزم بوو، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩١٩دا کۆچی دواییکردووە.

ز.ش