له‌ ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێردا ٣ ژن له‌ سنووری سلێمانی كوژراون

به‌ گوێره‌ی به‌دواداچوونێكی ڕۆژ نیووز، تەنها لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٣ ژنی گەنج گیانیان لەدەست داوە. بە گوته‌ی کەسوکارەکانیان «خۆیان کوشتووە!».

تووندوتیژییەکان دژی ژنان لە باشووری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکەن. ئەگەرچی کۆمەڵگه‌ و بنەماڵەكان هەمیشە پاساوی خۆکۆژی بۆ ژنان دەهێننەوە، بەڵام بەپێی قسەی دەروونناسان و ژنانی چالاک، زۆرینەی هۆکارەکان سیسته‌می پیاوسالارین. كه‌ ئەگەر ژنانیش خۆیان بکوژن، هۆکارەکەی فشارەکانی سەریانە لەلایەن هاوسەر، برا و باوکەوه‌.

یەکێک لە کوژراوەکان کە بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هاتووە، «ب م س»ه‌. کە دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانی زەرگەتەیە لە سلێمانی. ئەو ژنە گەنجە کە هێشتا هاوسەرگیری نەکردووە، خوێندکاری زانکۆ بووە و لە کۆتاقۆناغی خوێندنەکەیدا بووە.

بە گوته‌ی کەسوکارەکەی، ئێوارەی ١٧ی شوبات «ب م س» چووەتەوە ماڵەوە؛ بەبێ ئەوەی هیچ بە کەس بڵێت  «فیشەکێکی ناوە بەسەر دڵی خۆیەوە.» دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، هەمان ئێوارە گیانی لەدەست داوە. تا ئێستا هیچ باسی هۆکاری ئه‌م خۆكوژییه‌ نەکراوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، دوێنێ ژنێكی دیكه‌ بە ڕووداوی سووتان گیانی لەدەست دا. ڕۆزە عەلی عومەر-ی تەمەن ٢٠ ساڵان وەک زۆرینەی كه‌یسه‌كانی دیکەی کوشتنی ژنان، هەمان پاساوی خۆکوژی بۆ ده‌هێنرێته‌وه‌. ئەگەرچی چەند چیرۆکێک باس دەکرێت لەسەر شێوازی سووتانەکەی.

بەپێی قسەی چالاكانی مافەکانی ژنان، ڕۆزە لە ته‌مه‌نی ١٨ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک کردووە کە نەخۆشی تالاسیمای هەیه‌. لە ماوەی دوو ساڵدا ڕۆزە سێ جار دووگیان بووه‌، بەڵام پێش لەدایکبوون منداڵەکانی لەبارچوون. هەربۆیە بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژیی هاوسەرەکەی بووەتەوه‌ و لەم ڕووە چەند وێنەیەک بەردەسەتە.

سەیران محەمەد چالاكی ژنان و هاوڕێی ڕۆزە کە چووه‌تە سەر جه‌سته‌ی سووتاوی ڕۆزە باس لەوە دەکات کە ڕۆزە لە سەرووی ناوکییەوە بە تەواوی سووتاوە. هەروەها دەگوترێت هاوسەرەکەی نەوتی بە ڕۆزەدا کردووە و ئەویش ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە. هاوکات باس له‌وه‌ش دەکرێت کە ڕۆزە بە هاوسەرەکەی گوتووه‌، ئەگەر لەم ژیانەی ئێستا ئاوا بژیم من خۆم دەکوژم. هاوسەرەکەشی گوتوویەتی فەرموو ئەوە نەوت و خۆت بکوژە. دۆسیه‌ی ڕۆزە ئێستا لە لێکۆڵینەوەی پۆلیس-دایە.

هەروەها ئێوارەی دوێنێ ژنێکی گەنج بەناوی «شێنێ» لە شارۆچكه‌ی بازیان لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی بە فیشەکی تاپڕ گیانی لە دەست دا. لەوبارەیەوە بنەماڵەکەی باس لەوە دەکەن کە «خۆی خۆی کوشتووە»، و هۆکارەکەی وەها دەگێڕنەوە: «شێنێ کە لە رابردوودا هاوسەرگری کردووە و کەمتر لە ساڵێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ژیاوە، دوێنی بۆ کڕینی شمه‌ك سەردانی مارکێتێکی نزیک ماڵەوەیانی کردووە. لەوێ پێی گوتراوە تۆ [بێوه‌ژنیت]، ئەمە تەواو نیگەرانی کردووە و لە ماڵەوە بە دایکی گوتووە بۆ وا بەمن دەڵێن؟ خۆم دەکوژم. بەڵام دایکی بە گاڵتەی وەرگرتووە، دواجار بە تاپڕ خۆی کوشتووە.»

s.m