لە باشوری کوردستان لە ماوەی ساڵێکدا بە دەیان ژن کوژراون

بە پێی ئامارێکی رێکخراوی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، لە باشوری کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ بە دەیان ژن بە هۆکاری جیاواز کوژراون و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لە باشوری کوردستان بە پێی ئامارێکی رێکخراوی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ٣٥ ژن بە هۆکاری جیاواز کوژراون و ٥٧ ژنی خۆیان کوشتووە و ٢٠٧ ژنیش سوتاون و خۆیان سووتاندووە. بەڵام تا ئێستا ئاماری کۆی ١٢ مانگی ئەمساڵ ئاشکرا نەکراوە.

دوایین رووداوی کوشتنیش رۆژی ٢٨ی کانونی یەکەم بوو کە بە پێی دەزگاکانی راگەیاندنی باشوور، لە شارۆچکەی رزگاری سەر بە ناوچەی خەباتی شاری هەولێر پیاوێک خێزانەکەی بە چەک کوشتووە. بە پێی زانیارییەکان، بکوژەکە دەستگیر کراوەو لە ئێستادا لە بارەی رووداوەکەوە لێکۆلینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بە تایبەت مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ژنانی باشووی کوردستان مانگێکی تراژیدی بوو. تەنها لە ماوەی ١٠ رۆژی ئەو مانگەدا ٤ کچی هەرزەکار کە تەمەنیان لە ژێر ١٦ ساڵاندا بووە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لەم ساڵەدا بە هۆی بەکارهێنانی توندوتیژی، بە دەیان ژن پەنایان بۆ شەڵتەرەکانی داڵدەکانی ژنان بردووە. بە پێ ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی، لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا ١٩١ ژن بە ٤٥ منداڵەوە، پەنایان بۆ شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان لە شاری سلێمانی بردووە. بە پێی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، کێشەی ١٦٦ لەو ژنانە چارەسەر کراون و ٢٥ کێشەی دیکەش هێشتان بە هەڵواسراوی ماون.

ز.ش