لە فارقین ژنێک بە شێوەیى گوماناوی گیانی لەدەستدا

لە گەڕەکێکی ناوچەى فارقینی ئامەد ژنێک بە ناوی زەهرا ئەکەن لە ماڵەکەى خۆیدا بە شێوەیەکى گوماناوی گیانی لەدەستدا.

زەهرا ئەکەن ئێوارەى پێنجشەممە لە گەڕەکی مەلا ئەلکێ لە ناوچەى فارقینی ئامەد بە شێوەیەکى گوماناوی گیانی لەدەستدا.

ئاماژە بەوە دەکرێت، ئەکەن بە چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. تەرمەکەى زەهرا ئەکەن بۆ توێکاری براوە بۆ شاری ئامەد.

توندوتیژیی دژ بە ژنان زیادیکردووە

هێشتا ئەوە روون نەبووەتەو، کە ئەکەن لەبەر چی گیانی لەدەستداوە، بەڵام توندوتیژیی دژ بە ژنان لەم چەند مانگەدا زیادیان کردووە. بەپێی ئاماری پلاتفۆرمی 'ئێمە رێ لە کوشتنی ژنان دەگرین (کەجەدەپە) لە مانگی ئابدا توندوتیژیی دژ بە ژنان بەلانیکەمەوە سەدا ٣٣ زیادیکردووە.

لە ئامارەکەى کەجەدەپەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بە گشتی ٥٠ ژن کوژران و ژیانیان لەدەستداوە، کە ٢٧ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون و ٢٣ ژنی تریش بەشێوەى گوماناوی گیانیان لە دەستداوە. هەروەها لە مانگی تەمووزدا ٣٦ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژرابوون. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا بەلانیکەمەوە ٢٥٠ ژن بوونە قوربانیی توندوتیژی.

ژ.ت