لە ڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان لە کەرکوک دوای پاراستنی ژن لە حکومەت کرا

بە بۆنەوەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان گردبوونەوەیەک ئەنجامدراو داوکرا حکومەت ڕۆڵی هەبێت لە پاراستنی ژناندا.

بە دەستپێشخەری لقی کەرکوکی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئێوارەی دوێنێ لە باخچەی قەڵای شاری کەرکوک گردبونەوەیەک ئەنجامدرا.

ئیلهام عەزیز ئەندامی لقی یەکێتی ئافرەتان بەیاننامەی گردبوونەوەیەکەی خوێندەوەو تێیدا هاتبوو: ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراق ئەگەرچی لە میدیاو ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان باس لە پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانی ئافرەتان دەکرێت، کە چی لە ڕاستیدا عێراق بووەتە دۆزەخ بۆ ئافرەتان و ڕۆژانە لەژێر ناوی پاککردنەوەی شەرەف و نامووس، هەواڵی کوژرانی دایکان و خوشکانمان دەبیستین و بکوژەکانیش لەژێر عەبای دەسەڵاتدار حەشار دەدرێن.

وتیشی: ڕێژەی توندوتیژییەکانی وەک "جەستەیی، دەروونی، گێچەڵی سێکسی" لە زیادبوون دایە، نەبوونی پەناگەو شێڵتەر بۆ ئەو ئافرەتانەی لە دەستی هاوسەر یان باوک و برا هەڵدێن، مەینەتیەکانی ئافرەتانی زیاتر کردووە.

لە گردبوونەوەکەدا داوا لە پەرلەمانی عێراق کرا، لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی پێشکەوتوو خوازەوە ڕێگە لە کوشتن و توندوتیژی دژی ئافرەتان بگیرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت لە ژێر ناوی پاککردنەوەی شەرەف و نامووس خوێنی خوشکان و دایکانمان نەڕژێت، هەرکەسێک لە ژێر ناوی ئەم بیانووەدا دەستی چووە خوێنی هەر ئافرەتێک بە توندترین شێوە سزا بدرێت".

ز.ش