نەتەوە یەکگرتووەکان: چارەسەریی کێشەی تەندروستییەکانی ژنانى خەتەنەکرا ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دلارە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەى تەندروستییانەی رووبەڕووی ژنانى خەتەنەکراو دەبێتەوە، ساڵانە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار خەرج دەکرێت.

رێکخراوى تەندروستیى جیهانی (WHO) کە لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ تەندروستیى جیهانی کار دەکات رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنى کێشە تەندروستییەکانى ژنانى خەتەنەکراو ساڵانە ملێارێک و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار خەرج دەکرێت.

بە بۆنەى رۆژی سفر تۆلێرانس بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنان لە جیهاندا ژمارەیەک راپۆرت بڵاوکرانەوە. بەپێى ئەو راپۆرتانە هەندێک لە وڵاتانە سەدا ١٠ی تێچووی تەندروستیى ساڵانەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشە تەندروستییەکانى ژنانى خەتەنەکراو خەرج دەکەن.

لان ئاسکیو پزیشک لە رێکخراوى تەندروستیى جیهانی (WHO) لە بارەی زیانەکانى خەتەنەکردنى ژنانەوە راپۆرتێکى ئامادە کردووە و تیایدا باسی ئەوەی کردووە، خەتەنەکردن کێشەیەکى سەرەکیى مافەکانى مرۆڤە و کاریگەریى تەندروستیی لەسەر جەستە و دەروونی ملیۆنەها ژن داناوە. سەرباری ئەوەش خەتەنەکردن دەبێتە هۆی تێچوونێکى زۆر بۆ چارەسەریی کێشە تەندروستییەکانى ژنانى خەتەنەکراو و بەو هۆیەشەوە بەشێکى زۆر لە سەرچاوەى ئابووریی ئەو وڵاتانە، کە خەتەنەى ژنانی تیادایە بەهەدەر دەڕوات.

ئاسکیو راشیگەیاند، دەبێت زۆر زیاتر و باشتر بەرنامەى پەروەردە و سەرمایەگوزاری بۆ کۆتایهێنان بە خەتەنەکردنى ژنان بخرێتە کار.

ئانتۆنیو گوتێرێس سکرتێری گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بەو بۆنەیەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خەتەنەکردنى ژنان جۆرێکە لە توندڕەوی و توندتیژی لە دژی ژنان و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤە و ئەوەش کاریگەریى لەسەر ٢٠٠ ملیۆن ژن دروستکردووە.

زۆرترین خەتەنەکردنى ژنان لە میسر و سودان ئەنجام دەدرێت و لە باشووری کوردستانیشدا لەم چەند ساڵەى دوایدا رێژەى خەتەنەکردن زیادیکردووە.

ژ.ت