وتەبێژی ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە: ئاکەپە لە کوردستان سیاسەتى تایبەتی لە دژی ژنان خستوەتە کار

دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتەبێژی ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە رایگەیاند، لە سایەیى دەسەڵاتى ئاکەپەدا توندوتیژی لە دژی ژنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و بە تایبەتى لە کوردستان لە دژی ژنان سیاسەتى تایبەتیان خستووەتەکار.

لە تورکیا بەهۆی سیاسەتەکانى ئاکەپەى دەسەڵاتدار لە دژی ژنان، کوشتنى ژنان رووی لە زیادبوون کردووە. بەپێى راگەیاندراوی فەرمیی ئەو دەوڵەتە لە ساڵی ٢٠١٦دا ٣٠٤ ژن، لە ساڵی ٢٠١٧دا ٣٥٣ ژن، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٨٠ ژن و لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٩٩ ژن تورکیا  لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.

 بەڵام بەپێى ئاماری پلاتفۆرمی "تاوانەکانى دژ بە ژنان رادەوەستێنین" لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٠٩ ژن، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٤٤٠ ژن و لە ساڵی ٢٠١٩دا ٤٧٤ ژن لە تورکیا لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. پلاتفۆرمەکە راشیگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٨٥ ژن بە چەک، ١٠١ ژن بە چەقۆ، ٢٩ ژن بە خنکاندن، ٦ ژن بە دەرمانی ژەهراوی، ٢٧ ژن بە لێدان و ٦ ژن بە ئاگرتێبەردان و ١٩ ژن لە بەرزارییەوە خراونەتە خوارەوە و بەو شێوازانە کوژراون.

بەو پێیە لە نێوان ئامارەکەى دەوڵەت و پلاتفۆرمەکەدا جیاوازییەکى زۆر هەیە. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە رووداوەکانى کوشتنى ژنان لە رای گشتى دەشارنەوە. لەبارەى توندوتیژی و سیاسەتى هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە لەسەر ژنان، دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتەبێژی ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە ئاخفی.

'ئاکەپە دەیەوێت ژن کۆیلە بێت'

تاشدەمیر رایگەیاند، لەگەڵ گرتنەدەستى دەسەڵات لەلایەن ئاکەپەوە توندوتیژی لە دژی ژن گەیشتە بەرزترین ئاست. راشیگەیاند "لە کوردستان و تورکیا سیاسەتێکى تایبەت لە دژی ژنان بەڕێوەدەبرێت. ئەو سیاسەتە نوێ نییە و لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە و لەو کاتەوە ئاکەپە دەسەڵاتى گرتە دەست ئەو سیاسەتە زیاتر کراوە. ئاکەپە بەو عەقڵییەتەوە دەیەوێت کۆمەڵگە بەپێى خواستى خۆی دروستبکات و لەو سیستمەکەیشدا رۆڵی کۆیلەیەتى بۆ ژنان داناوە. لە ناو هەموو دام و دەزگاکانى دەوڵەتدا سیاسەتى دژە زایەند بەڕێوەدەبرێن و دام و دەزگاکانى دەوڵەت بە شێوەیەکى تایبەت ئەو ژنانە خۆڕاگری دەکەن و تێدەکۆشن دەکەنە ئامانج و دەیانەوێت ژن لە ناو کۆمەڵگەدا بشکێنن. دەوڵەت تەنها رۆڵێکى بە ژنان داوە، ئەویش ئەوەیە منداڵ بخەنەوە و لە چواردیوارێکدا خزمەتى پیاو بکەن. دەوڵەت ژنێکى ملکەچ و مردوی دەوێت. تورکیا بۆ ئەوەى مافەکانى ژنان زەوت بکات ژمارەیەکى زۆر یاسای گۆڕیوە".

'ئیدی ژنان بێسەروشوێن دەکرێن'

تاشدەمیر لە بەردەوامى وتەکانیدا رایگەیاند "دەوڵەت لە کوردستان سیاسەتى تایبەتى خستووەتە گەڕ. لەم دواییانەدا ژنان بێسەروشوێن دەکرێن و تەرمەکانیشان نادۆزرێنەوە. هەروەها پەلاماری ژنان دەدەن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و ئەوەش لەلایەن هێزەکانى دەوڵەت و لایەنگرانیانەوە ئەنجام دەدرێن. ئەو سیاسەتەى دەوڵەت لە کوردستان بە بەرنامە و بە وردی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ناسنامەى ئەو کەسانەى ئەو کارە دەکەن و ئەو کەسانەى فەرمانی ئەو کارانە دەردەکەن گرنگە، چونکە هەمویان پۆلیس و سەرباز و کارمەندانى دام و دەزگاکانى دەوڵەتن. ماوەى ٤٠ ساڵە لە کوردستان شەڕێکى چەپەڵ بەڕێوەدەبەن. هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕەدا سیاسەتى کوشتن، زیندانیکردن، بێسەروشوێنکردن، تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن بەڕێوەبەران. بە تایبەتى لەمدواییەى دەسەڵاتدارییەکەیاندا ژنانی گەنج و منداڵانیان کردووەتە ئامانج و سیاسەتەکانیان لەسەر ئەوان و لە دژیان بەڕێوەدەبەن. بە تایبەتى دەسەڵات دێرسیمی وەک ناوچەى پیلۆت دیاریکردووە و زانکۆی مونزوری کردووە بە ناوەندی شکاندنی ژنان و گەنجان.  بە تایبەتیش گەنجانیان لە رووی ئابووری و هەژاری و وڵاتپارێزییەوە کردووەتە ئامانج. هەروەها لە جزیر، مێڕدین، ئامەد و وان ئەو سیاسەتە بەشێوەیەکى پلان بۆ دانراو و بە وردی بەڕێوەدەچێت. ئەو سیاسەتە بەشێوەیەکى تایبەت وەک هێڵی دوژمنایەتیکردنى ژنان بەڕێوەدەبەن. ئاکەپە دەیەوێت سیستمێکى وەک پیاوسالاری پێشبخات. لەو سیستمەشدا رۆڵی ژنان کۆیەلایەتییە. ئەو کەسانەى لە دژی هەستنەوە دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانى سیستم و دەسەڵات. بە داخەوە لە سەرتاسەری جیهاندا سیاستەکانى دژ بە ژنان هەر وەک یەکن. بەڵام لە هەموو شوێنێکى جیهانیشدا تێکۆشانی ژنان لە ئاستى بەرز و بەهێزدایە".

'ژن بۆ کۆمەڵگە تێدەکۆشێت'

تاشدەمیر ئەوەشى راگەیاند "تێکۆشانی ژنان تەنها بۆ ژنان نییە، چونکە بە تێپەڕبوونی کات ئەو تێکۆشانە وەرچەرخاوە بۆ تێکۆشانی کۆمەڵگە. لەبەر ئەوەى تێکۆشانی کۆمەڵگە بە ژنانەوە بەهێز دەبێت، یەکڕاست ژنان دەکرێنە ئامانجی دیکتاتۆرەکان. دەسەڵاتى پیاو لەبەر ئەوەى نایەوێت کۆمەڵگە هۆشیار بێت لە هەموو گۆڕەپان و ئاستەکانى کۆمەڵگەدا ژنان دەکاتە ئامانج. کاتێک مرۆڤ لە سیاسەتەکانى ئاکەپە ورد دەبێتەوە، ئەوە دەبینێت کە لەگەڵ پیاواندا هاوپەیمانییەکی لە دژی ژنان دروستکردووە. پیاو دوژمنی ژنە و پیاو هەرچییەکى بوێت دەیکات و هەموو شتێکى لە دەست دێت و دەوڵەت دەپارێزێت. ئاکەپە بە پیاوان دەڵێت، بەرەنگاری من نەبنەوە ئیتر لە ناو ماڵ و کۆمەڵگەدا چی دەکەن بیکەن. دەتوانن ژنان بکوژن و دەستدرێژییان بکەنە سەر. کاتێک پیاوان، ژنان دەکوژن ئەوەندە بێمنەتن بۆینباخ و دەستێک جل لەبەر دەکەن، چونکە دەوڵەت پیاوان دەپارێزێت و ژنان تۆمەتبار دەکات. دەوڵەت بە بەرگریکردن لە پیاوان پەیام بۆ هەموو کۆمەڵگە دەنێرێت. سیستم هەرگیز پارێزگاری لە ژنان ناکات و بە پێچەوانەوە ژنان دەکوژێت. ژن توندوتیژیی بەسەردا دەسەپێنرێت و دەکوژرێت، کاتێک سەردانی پۆلیس و بنکە سەربازییەکان دەکەن، دەوڵەت پێیان دەڵێت، ئێمە هیچمان لە دەست نایەت و هیچ کارێکمان لەوبارەیەوە پێناکرێت. یان لە ژنان دەپرسن، تۆ چیت کردووە، کە هاوسەرەکەت ئەوەیکردووە. دەبێت ژنان لە دژی ئەو سیاسەتە  یەکێتیى خۆیان دروست بکەن و خۆیان بەرێکخستن بکەن".

ژ.ت