٢٠٠ ژنی زیندانیکراو لە ئورمیە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد

لە زیندانی ناوەندی شاری ئورمیەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ٢٠٠ ژنی زیندانیکراو دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد.

ژنانی زیندانیکراو کە چالاکی مانگرتن لە خواردنیان دەستپێکردووە، پەیامێکیان بڵاو کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە چالاکیەکەیاندا، ئەگەر داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە راگەیێندراون، ٢٠٠ ژنی زیندانی کراو لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ئورمیە لە کاردانەوەی ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا لە ئارادایە و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دوێنێوە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە.

بە پێی زانیاریەکان، بە هۆی ئەوەی پێداویستیە تەندروستیەکانیان بۆ دابین ناکرێت و بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد ناکرێن، هاوکات بە هۆی مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەستیان بەو چالاکیە کردووە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی بڵاو کراونەتەوە، ژنانی زیندانیکراو خواردنی دوێنێ نیوەڕۆی خۆیان رشتووە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەر ئازاد نەکرێن، ئەوا بەردەوام دەبن لەو چالاکیەیاندا.

ز.ش