پشتیوانی ژنانی ئەوروپا: تێکۆشانمان بەرفراوان دەکەین

رێکخراوی پشتیوانی ژنانی ئەوروپا رایگەیاند لە دوای دەستپێکردنی قەیرانی کۆرۆناوە توندوتیژی ناو خێزان زیادی کردووە و ئەوانیش بڕیاریانداوە، لەم بارەیەوە هەوڵ و تێکۆشانیان لە رووبەرووبوونەوەی ئەو توندوتیژیانە بەرفراوان بکەن.

رێکخراوی پشتیوانی ژنانی ئەوروپا لە بارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، لەم قۆناغەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لە دژی توندوتیژی سیستمی کاپیتالیست و توندوتیژی پیاوان لە ناو خێزان، تێکۆشانیان بەرفراوانتر دەکەن.

لە رایگەیێندراوەکە دا هاتووە:"ئێمە کە وەکو رێکخراوەکانی کوردستان و تورکیا بۆ بەدیهێنانی مافە دیمۆکراتیەکانی ژنان لە ئەوروپا تێدەکۆشین، بە هۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سیستمی کاپیتالیست هەرەشەن بۆ سەر تەندروستی گەل و مەترسین بۆ سەر ژیانیان، بۆیە ئێمە بۆ بەرفراوانکردنی پشتیوانی ژنان هەوڵ دەدەین.  

لە جیهان و بە تایبەت لە ئەورۆپا لەم کاتەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کە بانگەوازی ئەوە دەکرێت 'لە ماڵەوە بمێننەوە'، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە لایەن پیاوانەوە زیادی کردووە. هەر چەندە رێکخراوە فەرمیەکانی دەولەتانی ئیسپانیا و سوید و ئیتالیا و ئەلمانیا رایدەگەیێنن کە توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان لە لایەن پیاوانەوە زیادی کردووە، بەڵام هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتە بەر و بێدەنگن لە بەرامبەر ئەو ژنانەی لە نێوان مان و نەماندا ماونەتەوە."

رێکخراوی پشتیوانی ژنانی ئەورۆپا لە بەردەوامی راگەیێندراوەکەیدا وتی:"ئێمە جارێکی دیکە رایدەگەیێنین لە دژی توندوتیژی سیستمی کاپیتالیست-ی دەسەڵاتی پیاوسالاری و لە دژی توندوتیژیەکانی پیاو دەوەستینەوە. لە بارودۆخێکی وەک ئێستا و لە بارودۆخی قورسی مانەوە لە ماڵەوەدا، ئێمە هەموو هەفتەیەک رۆژانی چوارشەممان لە پەنجەرەکانەوە، لە کۆچە و کۆڵانەکانەوە و بە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئەوەی داواکانمان جێبەجێ بکەین و سیستمی کاپیتالیست و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، کۆمەڵکوژکردنی ژنان و جیاکاری لە کار و رەگەزدا، ئیدانە بکەین، چالاکی بەڕێوە دەبەین! ئێمە رێگا نادەین دەسەڵاتی پیاوسالاری چاوترسمان بکات."

رێکخراوی پشتیوانی ژنانی ئەورۆپا لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا باسی لە چەند خاڵێک کرد کە سوورن لە سەر جێبەجێکردنی:

*دەبێت نەک ئەو ژنەی توندوتیژیان لە بەرامبەردا دەکرێت، بەڵکو ئەو پیاوەی توندوتیژیەکە ئەنجام دەدەن، لە ماڵەوە دوور بخرێتەوە و سزای وەکو کەلەپچەی ئەلەکترونی بەسەریاندا بسەپێندرێت.

*ژمارەی شەڵتەرەکانی داڵدەدان زیاد بکرێت.

*حەپی کۆنترۆڵکردنی دووگیانی بۆ دایکان بە بێ بەرامبەر بێت.

*لە دژی توندوتیژی پیاوان، خۆپاراستن مافێکی رەوای ژنانە. ئەو ژنانەی مافی خۆپاراستنیان بەکار هێنا دەبێت سزا نەدرێن.

*گرنگی بدرێت بە کاری هاوبەش و لە دابەشکردنی کارەکاندا بە یەکسانی تەماشای ژنان بکرێت.

ز.ش