پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد بانگەوازی یەکڕیزییان ئاڕاستەی هێزە کوردییەکان کرد

ئەنجامنامەی کۆنفەڕانسی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد کە لە ٢٢ی ئەم مانگە لە ئامەد بەڕێوە چوو، ئاشکرا کرا. پلاتفۆرمەکە بانگەوازی یەکڕیزییان ئاڕاستەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرد.

کۆنفرانسی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە ٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بەڕێوەچوو. دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسەکە ئەنجامنامەی کۆتایی بە راگەیێنراوێک بڵاو کرایەوە.

لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا هاتووە:

"پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە دووهەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا جارێکی دیکە، لەگەڵ دامەزراوە کوردییەکان، پارتە سیاسییەکان، دەسپێشخەرییەکانی ژنانی کورد و بزوتنەوەی ژنان بە دروشمی 'ئێمە خەڵکی ئێرەی، ئێمە لێرەین، ئازادیمان یەکێتیمانە' کۆبووینەوە.

ئێمە هێرشەکانی سەر کوردستان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئازارەکانی گەلەکەمان گۆتۆبێژ کرد و گەیشتین بە تەنها ئەنجامێک؛ تا گەلی کورد نەبێتە یەک، بەر لە هەموو کەسێک ژنانی کورد، هەر چوار پارچەی کوردستان نەجاتیان نابێت لە قڕکردن و سیاسەتە دیگرکەرییەکان.

چارەنووسی ئازادیمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان، یەکێتی و یەکڕیزی کوردە.

داوامان ئەوەیە بەو بڕیارەو تێکۆشان و بەرپرسیارێتییەی هەمانە، بانگەوازیی ئاڕاستەی سیاسەتمەدارانی کورد و گەلی کورد بە گشتی بکەین. لە هەموو لایەکەوە ئێمە وەکو ژن، یەکێتی کورد وەکو هێزێکی گەورە قبوڵ دەکەین.

هەروەها ئێمە روانگە ئایدۆلۆجییە فەرمییەکان کە ژنان بە نادیدە دەگرن و دەسەلاتدارێتی پیاوان و فەوداڵ و رەگەزپەرەستی قبوڵ ناکەین.

ئێمە لە دژی ئەو 'پارچەکردنەی' سەپێنراوە بەسەرماندا، دەوەستینەوە.

بە مەبستی ئازادی گەلی کورد، روانگەی ژنان بۆ یەکڕیزی دەخینە روو.

ئێمە بڕوامان پێی هەیە و وازی لێ ناهێنین و هەوڵەکانیشمان بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی یەکڕیزی بەرفراوانتر دەکەین و جارێکی دیکە سوورین لەسەر بانگەوازییەکەمان؛ یان دەبین بە یەک، یان هەموومان دەڕۆین یەک بە یەک.

ئێمە وەکو ژنانی کورد داواکارییەکەی ئایشە شان کە وتبووی، لە ئامەد بمنێژن، وەکو ویسییەتێک دەبینین و ئەو داوایەی بەجێ دەگەیێنین کە لە ئێستادا گۆڕەکەی لە ناوچەی بوجای ئیزمیرە.

کۆنفرانسەکەمان لە دووهەمین ساڵیادیدا بانگەوازیی 'کوردینە، ئەگەر نەبین بە یەک، هەموومان دەڕۆین یەک بە یەک' ئاڕاستەی هەموو پارت و رێکخراو و دەسپێشخەری و بزوتنەوە کوردییەکان دەکات."

ز.ش