ژنان دەستدرێژیان ئیدانە کرد، هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کرد

دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی خەڵکی شاری ئێلح لە لایەن سەربازێکی فاشیستی تورک بە ناوی موسا ئۆرهانەوە، لە ئەستەنبول رسوا و شەرمەزار کرا، بەڵام هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە چالاکیەکە و ٤ ژن دەستگیر کران.

چالاکیی ئیدانەکردنی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، لە لایەن ئەندامانی رزگاریی ژنانەوە لە گۆڕەپانی تەقسیمی شاری ئەستەنبول بەڕێوە چوو.

چالاکەوانان لە چالاکیەکەدا داوایان کرد، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو سەربازە فاشیستەی سوپای تورک بە ناوی موسا ئۆرهان بکرێت کە دەستدرێژی کردبووە سەر ژنێکی خەڵکی شاری ئێلح و دوای رووداوە، ئەو ژنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

ژنان پانکارتی "سیستمی سەردەستی پیاو، بکوژی ئیپەکە' یان بەرز کردەوە و دروشمی "لێپرسینەوە لە بکوژەکان دەکەین" و "دەوڵەتی پیاوسالار دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت" یان وتەوە.

لە کاتی بڵاوکردنەوەی لێدوانێکدا، هێزەکانی پۆلیسی تورک هێرشیان کردە سەر چالاکیی ژنان و ٤ ژنی چالاکیان بە زۆرەملێ دەستگیر کرد. ناوی ئەو ژنانەی دەستگیر کراون بریتیە لە، باشاک یەشیلۆت، گامزە تاشچی، بێریڤان کورت و بورجوگول چوبوک.

ز.ش