ژنان لە ٧هەمین فێستیڤاڵی ساکینە جانسزدا لە دەوری یەک کۆبوونەوە

بۆ یادی ساکینە جانسز کە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆر کرا ٧هەمین فێستیڤاڵی ساکینە جانسز رێکخرا. فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ لە شاری زوریخی سویسرا رێکخرا.

فێستیڤاڵەکە هەموو ساڵێک لە مانگی حوزەیران دا رێکدەخرێت و ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دواخرا بۆ مانگی ئاب.

لە فێستیڤاڵەکەدا سەرنج خرایە سەر کوشتارکردنی ژنان و دەستدر ێژیکردنە سەر منداڵان.

سەدان ژنی کورد و کۆچبەر و سویسری بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون. لە فێستیڤاڵەکەدا بە ناوی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە سویسیرا وتە پێشکەشکرا.

لە فێستیڤاڵەکەدا ژنانی تامیل خۆپیشاندانێکیان رێکخست و هونەرمەد خەجێ، لەیلای کۆچگیون، سیلبوس و تاری، نورین و هونەرمەندانی تەڤ چاند چوونە سەر تەختە و هونەر و گۆرانی و سرودیان پێشکەشکرد. بۆ منداڵانیش ئاتۆلەى وێنەکێشان و بۆیاخکردن رێکخرا. لە شەقامیشدا جل و بەرگی نەتەوەیی ژنانی کورد خرایەڕوو و بە ئامادەبوان و هاووڵاتییان ناسێنرا. لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکەشدا بۆ ئاگادارکردنەوە لەسەر تێکۆشانی ژنانی کورد، ستاند دانرا.

بەسیمە کۆنجا بە ناوی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ١٥ی تەباخ جەژنی ژیانەوە پیرۆز بێت و وتی "ئەو بەرخودانەى ئەمڕۆ ژنان کورد درێژەی پێدەدەن، میرات و کەلەپولی ساکینە جانسزە بۆ ئێمە ماوەتەوە. بە لایەنی بەرخودێربوونی خۆی بۆ تێکۆشانی ژنانی کورد و بۆ هەموو ژنانی جیهان بووەتە نمونە".

فێستیڤاڵەکە بە گێڕاندنی گۆڤەند و هەڵپەڕکێ و شایی تاوەکو ئێوارە بەردەوامیی پێدرا.

ژ.ت