سیلی غفار وتەبێژی حیزبی هاوپەشتیى ئەفغانستان و مەلالی جویا پەرلەمانتاری پێشووی ئەفغانستان و چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کۆمیتەى نێونەتەوەیى رەوا لە شاری کابولی پایتەختى ئەفغانستان نامەیەکیان بە ناونیشانی "دەستپێشخەریى نێونەتەوەیى بۆ لەیلا گیوڤەن" بۆ ئەنجوومەنى ئەوروپا، کۆمسیۆنى ئەوروپا، رێکخراوى ئاسایش و هاوکاریى ئەوروپا و رێکخراویى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) نارد.
لە نامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر تێکۆشانی دیموکراسی، ئاشتی و مافی ژنان لەلایەن لەیلا گیوڤەن، کە ماوەى ٨٠ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە.
چالاکوانانى ئەفغانستان راشیانگەیاندووە، دۆخی تەندروستیى گیوڤەن باش نییە و کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى ناتوانێت خۆی کەڕ بکات و چاو لە ژیان و تەندروستی و داواکانى گیوڤەن و ئامانجەکەى بپۆشێت و داوایان لەو دامەزراوە و رێکخراوانە کردووە، کە بە ئەرکی یاسایى و سیاسی و حقوقیى خۆیان هەستن.
داواش لەو رێکخراوانە کراوە، لە دژی رژێمى ئەردۆغان دەستبەرکار ببن و رەخنەشیان لەو رێکخراوانە گرتووە، کە رێوشوێنیان لە دژی پەرەسەندنی ئۆتوریتە و دەسەڵاتى خۆسەپێنەرانەتى تورکیا نەگرتووەتەبەر.
ژنە چالاکوانەکانى ئەفغانستان راشیانگەیاندووە، لە چالاکیی مانگرتنى لەیلا گیوڤەن و ئامانجی چالاکییەکە تێدەگەن و پێشتیوانیى لێدەکەن، چونکە گۆشەگیری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.
داواشیان لە وڵاتانى ئەوروپا و یەکێتیى ئەوروپا کردووە بە خێرایى دەستبەرکار ببن و لەوبارەیەوە نووسیویانە "وڵاتانى ئەوروپا، کە خۆیان بە پشتبەستوو بە مافە سیاسی و کۆڵایەتى و رۆشنبیرییەکان و مافەکانى مرۆڤ دەزانن، پێویستە بۆ ئەوەى رۆڵ و رەنجیان لە هاتنەدیى ئاشتیدا هەبێت، بە خێرایى بۆ مافە سیاسی، کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەکان و مافەکانى مرۆڤ هەڵوێستێکى سیاسیى بخەنەڕوو".
لە نامەکەیاندا ئەوەش هاتووە، تاوەکو ئێستاش نەک تەنها تورکیا پەیوەندییەکى بەهێزى لە رووی سیاسی، دامودەزگایى، سەربازی و ئابوورییەوە لەگەڵ ئەوروپا هەیە، بەڵکو کاریگەرییەکى باشیشی بەسەر ئەوروپاوە بۆ خۆی دروستکردووە، بۆیە پێویستە رێوشوێنى پێویست بەرامبەر بە دەسەڵاتى سەپێنرانەى تورکیا بگرنەبەر و گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و زیندانیانى سیاسی کۆتایى پێبهێنرێت.
ر.م