ژنە شەنگالی ئۆلانیا چەندی، کە دایکی ٤ منداڵ بوو ئێوارەى سێشەمە ٢٥ی شوبات لە شاری دۆرتموندی ئەڵمانیا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا. فەرمانگەى گەنجانی ژوگەندامت منداڵەکانى بردە لای خۆی و خستنییە ژێر چەتری خۆی. پێشتریش چەندی بەهۆی توندوتیژیی هاوسەرەکەیەوە لەلایەن شڵتەرەکانى ژنانەوە پەنا درابوو.
رێکخراوەکانى ژنانی دیموکراتیکی عەلەوی و سۆسیالیست لەبارەى کوشتنی ئەو ژنە شەنگالییەوە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "چیرۆکی دڵتەزێنی توندوتیژی لە دژی ژنان لەسەر بنەمای نەریتی کۆمەڵگە و کەمتەرخی و بێباکیی دەوڵەت پەرەدەسێنێت. توندوتیژی نەک تەنها زیان بە جەستە دەگەیەنێت، بەڵکو بێڕێزییە بەرامبەر بە کەرامەت و شکۆی ژن و هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانى ژن و بەرخودانى ژن لە دژی پێشێلکارییەکان لاواز دەکات، یان بە تەواوی لە ناو دەبات".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، توندوتیژی لە دژی ژنان لە جیهاندا بە تایبەتى بەهۆی کێشە ئابووری، سیاسی و ئیتنیکییەکانەوە روویان لە زیادبوون کردووە و ئەوەشیان راگەیاندووە "دوایین نمونەى ئەو کوشتارە، کوشتنی دایکی ٤ منداڵە لە شاری دۆرتموندی ئەڵمانیا، کە بە بەرچاوی ٢ لە منداڵەکانییەوە قوڕگی بڕا".
ئەو رێکخراوانە لە راگەیاندراوەکەیاندا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەى چەندی دەکەن و توندوتیژی لە دژی ژنان ئیدانە دەکەن و باسی ئەوەشیانکردووە "بۆ پێشگرتن لە کۆمەڵکوژیی لەو شێوەیە، دەبێت ئێمە بە دروشمی 'ژنی ئازاد، ژیانی ئازاد' رێکخستنی خۆیان بەهێز بکەن".
ئاماژەیان بەوەشکردووە، توندوتیژی لە دژی ژنان رووی لە زیادبوون کردووە و لە ١٥ی شوباتدا حۆرییە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گوشاری بۆ هاسەرگیرکردن خرابووە سەر و بەو هۆیەوە خۆی کوشت و ئێستاش بە کوشتنی چەندی ژنێکی دیکەیان لێسەندین.
راشیانگەیاندووە، لە ٨ی ئادار دا دەبن بە دەنگی چەندی، حۆرییە، سارا گیوڤەن و دەڵێن "ئیتر نابێت ژنێکى ترمان لێ کەم بکرێتەوە".
داواشیان لە هەموو ژنان کرد لە دژی دەستدرێژی و پەلاماردان و توندوتیژی و جیاکاری بەرامبەر بە ژنان و لە دژی کوشتنی ژنان تێکۆشانی ئازادی گەورەتر و بەرفراوانتر بکەن و بەرخودانی خۆیان بەهێز بکەن.
هاوکات بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەڵمانیا (YJK-E) راگەیاندراوێکى لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "هێشتا برینی ژنانى شەنگال، کە لەلایەن داعشەوە کوشتار کرابوون و فرۆشرابوون لەبیر نەچووەتەوە، کە لە ناوەندی ئەوروپا ژنێکى شەنگالی کوژرا. توڕەیمان لە دژی عەقڵییەتى پیاوسالاری زیاتر بووە. بۆ ئەوەى ژنان نەکوژرێن، ئیمە بەڵێنی بەهێزکردن و فراوانترکردنى تێکۆشانەکەمان دووبارە دەکەینەوە".
ژ.ت