ژنانى پێشەنگی سەحرای رۆژئاوا (پۆلیساریۆ): ئێمە پاڵپشتى لەیلا گیوڤەنین

ژنانى پێشەنگی سەحرای رۆژئاوا (پۆلیساریۆ) رایانگەیاند، پشتیوانى لە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە دەکەن، کە ماوەی ١٠١ رۆژە لە چالاکیى مانگرتندایە و داوایانکرد، گۆشەگیریى سەر ئۆجالان بە خێرایى کۆتایى پێ بهێنرێت.

٤ کەسایەتی و پێشەنگی ناوداری بزووتنەوەى ژنانی سەحرای رۆژئاوا (پۆلیسیاریۆ) لە رێگەى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە تەنیا نییە.

روباب باراکا بەڕێوەبەری یەکێتیى نەتەوەیى ژنانى سەحرا، ئەنگیویا سالەم سەرۆکى یەکێتیى ژنانى پەنابەری هەرێمی سامارا، فاتیماتو ئەحمەد لاریوسی سەرۆکى یەکێتى ژنانى پەنابەری هەرێمی بیرلەهلو (بئر الحو) و ژانلا محەمەد لامین چالاکوانى سیاسی پەیامێکى پشتیوانییان بۆ لەیلا گیوڤەن بڵاوکردەوە.

روباب باراکا بە ناوی ژنانى سەحرای رۆژئاوا (پۆلیساریۆ) بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی رایگەیاند، ئەوان پشتیوانى لەیلا گیوڤەنن و داوایکرد، گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە خێرایى کۆتایى پێ بهێنرێت.

باراکا راشیگەیاند، ئەوان پاڵپشتى ئەو ژنانەن، کە ناهەقی و زوڵمیان بەرامبەر ئەنجام دەدریت و وتى "ئێمە هەر بەو شێوەیە پاڵپشتی لەیلا گیوڤەن و بزووتنەوەى ژنانى کوردین. پێویستە هەموو دونیا ئەوە بسەلمێنێت کە پاڵپشتى لەیلا گیوڤەنن. چالاکییەکى بەو شێوەیە دەتوانێت سەرکەوتن مسۆگەر بکات".

چالاکیى مانگرتن یەکێکە لە شێوازەکانى بەرخودانی بەرەى پۆلیساریۆ و ئەندامان و چالاکوانانى پۆلیساریۆ چەندینجار ئەو چالاکییەیان ئەنجام داوە.

بەرەی رزگاریى پۆلیساریۆ لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ ئازادیى سەحرای رۆژئاوا تێدەکۆشێت، کە خراوەتە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى مەغریب. سەحرای رۆژئاوا دەکەوێتە باکووری رۆژئاواى ئەفریقا و باشووری مەغریبەوە.

ساڵی ٢٠٠٩ ئانیاتۆو حەیدەر سیاسەتمەداری ژنى سەحرای رۆژئاوا لە داوى ئەوەى لە فڕۆکەخانەى شاری عیونەوە لەلایەن دەوڵەتى مەغریبەوە رێگەى پێنەدرا بڕواتەوە بۆ وڵاتەکەى، واتە سەحرای رۆژئاوا و  دیپۆرت کرا بۆ دوورگەی لانزارۆتەى ئیسپانیا دەستیکرد بە چالاکیى مانگرتن. مانگرتنەکەى ٣٢ رۆژ بەردەوامیى هەبوو. بەهۆی مانگرتنەکەوە پشتیوانیى نێونەتەوەیى بۆ ئانیاتۆو حەیدەر دەستەبەر بوو و بەهۆی ئەو بەرخودانەوە و لە ئەنجامدا دووبارە توانیى بگەڕێتەوە بۆ سەحرای رۆژئاوا.

ر.م