کشاناک: ئێمە ئەو ژنانەین، کە ناتوانن خۆ بەدەستەوەدانمان بەسەردا بسەپێنن

گوڵتان کشاناک وتی "ئێمە ئەو ژنانەین، کە ناتوانن خۆبەدەستەوەدانمان بەسەردا بسەپێنن" و بە بۆنەى ٨ی ئادارەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و وتیشی "ئێمە بە هەلهەلەکانمان، بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و گۆڤەندەکانمان لە گۆڕەپانەکان و شەقامەکاندا لەگەڵتانین".

ژنان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ٨ی ئادار بڕژێنە سەر شەقامەکان. گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى پێشووی گەورە شاری ئامەد، کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی جۆری ئێفی کۆجالی دیلکراوە، باسی تێکۆشانی ژنانی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد.

'زۆر زیاتر بۆ ژنان قورسە'

کشاناک رایگەیاند، تورکیا لە رووی مافە دیموکراتیک و ئازادییەکانەوە لە سەردەمێکى قورسدایە و ئەو شێوازە شێوەى بەرێوەبەریى دەسەڵاتپەرەستى و دەسەڵاتخوازییە و ئەوەش بۆ ژنان زۆر زیاتر قورس و هەڵتەکێنەرە.

کشاناک راشیگەیاند، ئەو دەسەڵاتپەرەستییە بە گشتی لە تورکیادا دەستی بۆ ئازادی و مافەکانى ژنان بردووە، کە بە تێکۆشانێکى گەورە بەدەستهاتبوون، داخستنى رێکخراوکانى ژنان، دادگایکردنی سیستمى هاوسەرۆکایەتى، قەدەغەکردنى چالاکییەکانى ژنان، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە، قەدەغەکردنی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی، دەستوەردان لە تەندروستی و جەستەى ژن و ژمارەیەکى زۆر لە دەستوەردانی تری لەو شێوەیە، وەک نمونەی کارەکانی ئەو دەسەڵاتپەرستییەى ئێستای دەوڵەتى تورک خستووەتەڕوو.

کشاناک وتی "عەقڵییەتى دەسەڵاتداری لە ماڵ، شەقام و کارگەکان لە پیاوی سەردەستدا بە زەقی دیارە و هێرش دەکاتە سەر ژنان. تاوەکو ئەو عەقڵییەتە نەگۆڕێت، هیچ رێگریکردنێکى پۆلیسی، یان بڕینەوەى سزای قورس بەشی راوەستاندنی کوشتنى ژنان ناکات. هەر ئەو عەقڵییەتە لە ناو ئەو میکانیزمیشەدایە کە بۆ پاراستنى ژنان دیاریکراوە، یان ئەرکدار کراون".

کشاناک ئەوەشی وت، دۆخی مەترسیدارتر لەوەش ئەوەیە، کە دەوڵەت هەوڵ دەدات خۆی لە پەیماننامەى ئیستەنبول بکشێنێتەوە و مافە یاساییەکانى ژنان هەڵبوەشێنێتەوە. ئەگەر لەو بوارەدا ژنان و هێزە دیموکراسییەکان تێکۆشانێکى بەهێز بەڕێوەنەبن ئەوا مافە یاساییەکانى ژنان دەسڕدرێنەوە و خاڵی "یەکسانیى زایەند" لە دەستووری بنەڕەتیدا دەکەوێتە دۆخێکى مەترسیدارەوە.

'پێویستی بە تێکۆشانێکى هاوبەش هەیە'

گوڵتان کشاناک باسی ئەوەیکرد، بزووتنەوەى ژنان ماوەیەکى زۆرە لە بەرامبەر شەپۆلی سەرکوتکردن و گوشاردا خۆی لە شەقامەکان نەکشاندووەتەوە. قسەى خۆی کردووە و لە ناو رێکخستنە ئۆپۆزسیۆن و دیموکراتیکەکاندا بەهێزترین هێزی دینامیکى نیشانداوە.

کشاناک باسی ئەوشەیکرد "ئەو هەڵوێستە بۆ ئێمە بووەتە سەرچاوەى هێز و ورە، بە بڕوای من بەرخودانى ژنان لەم کاتەدا جێی خۆی لە ناو مێژووی تێکۆشانی ژناندا دەگرێت".

کشاناک رایگەیاند، گرنگە ئەو هەڵوێستەى ژنان لەگەڵ تێکۆشانی هێزە دیموکراسییەکاندا ببیت بە یەک و ئەوەشی راگەیاند "ئەگەر ئێمە بتوانین شەپۆلێکى نوێى دیموکراتیک بخوڵقێنین، ئەو کاتە بە ئاسانى ئەنجام بەدەست دێت. دەبێت لە تێکشاندنی ئەم قۆناغە دژە دیموکراتیکەدا تەنها ئەرکەکان بەسەر شانی ژنانەوە نەمێنێت. بزووتنەوەى ژنان دەبێت بە رۆڵی پێشەنگایەتى هەستێت و هێزە  دیموکراسییەکان بخاتە جوڵەوە. ئەگەر ژنان، گەنجان، زەحمەتکێشان، هەژاران، کەسانى خاوەن باوەڕ و ناسنامەى جیاجیاکان، هێزە بندەستەکان، تێکۆشانی خۆیان بۆ مافەکان، حقوق، ئازادی و ئاشتی یەکبخەن، دەتوانرێت ئەم بەڕێوەبردنە خراپە کۆتایى پێبهێنرێت".

'ئێمە بە هەلهەلەکانمان لە گۆڕەپانەکانداین'

کشاناک بۆ ٨ی ئادار پەیامێکى بڵاوکردەوە و وتی "من ٨ی ئادار لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەم. هیودارم بەوەى کە ئیرادە و هەڵوێستى ژنان لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکەدا پێشەنگایەتیى بۆ قۆناغێکى نوێ دەکات. تەنها بە پشتیوانیکردنی ژنان و بە بەهێزکردنی رێکخستنی ژنان دەتوانرێت وەڵامى هێرشەکانى دژ بە جەستە، ناسنامە، ئیرادە، رەنج و هەبوونی خۆتان بدەنەوە. دروشمی 'نەک رۆژێک، بەڵکو هەموو رۆژێک ٨ی ئادارە' دروشمێکى ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانرێت رێگری لە کوشتنی ژنان، شەڕ و بەرێوەبەریى پاشکەوتوانە و دەسەڵاتخوازانە بگرێت. بۆ ئەوەى ئێمە ببینە وەڵامدەرەوەى سەردەمەکە، کاتی ئەوەیە گۆڕەپان و شەقامەکان داپۆشین. بە دەم هەلهەلەی خۆتانەوە گۆڤەندی ئازادی بگێڕن و بەو هێز و وزەیەوە تێکۆشان گەورە بکەن. کاتی ئەوەیە، مەشخەڵی ئازادی و یەکسانیى ٨ی ئادار بگەیەنینە نەورۆز و پردی ئاشتی دروست بکەین. بە ناوی ئەو ژنانەوە، کە ناتوانن خۆ بەدەستەوەدانمان بەسەردا بسەپێنن و ناتوانن ناچاریان بکەن بە خۆڕادەستکردن، ئێمە بە هەلهەلە، گۆرانی، گۆڤەند و هەڵپەڕکێکانمان لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکاندا لەگەڵتانین".

ژ.ت