"کۆمەڵگە بە رامانەکانى ئۆجالان رێگای خۆی دەدۆزێتەوە"

نارین گەزگۆر چالاکوانى بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (TJA) رایگەیاند، ئۆجالان بۆ ئەوەى بناغەى دیموکراسی بەهێز بکات ساڵەهای ساڵە تێدەکۆشێت. راشیگەیاند "فیکر و رامانی ئۆجالان ئەڵتەرناتیڤە بۆ کۆمەڵگە و داهاتووی چارەسەریی دیموکراتیکـە".

نارین گەزگۆر چالاکوانی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژەئا - TJA) لەبارەى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتی، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٢١ ساڵە بەشێوەیەکى سیستماتیک بەردەوامیی هەیە.

وتیشی "کاتێک سەیری هەلومەرجی دورگەى ئیمراڵی دەکەین، ئەوە دەبینین، کە بەرێز ئۆجالانی تیادا ئیزۆلە کراوە و لە دونیای دەرەوە دابڕێنراوە. ئەوە بەشێکى تایبەتی ئەو گۆشەگیریەیە. لە ساڵی ٢٠١٣ – ٢٠١٥ دا لەو پرۆسەیەدا، کە ئۆجالان دەستپێکردبوو، هەناسەیەک بە بەر گەلی تورکیادا هاتەوە. دوای ئەوەى پروسەى ئاشتی و دیموکراسی تێکدرا، گۆشەگیریی رەها جارێکیتر خۆی نوێکردەوە و گۆشەگیرییەکە بەسەر هەموو گەلاندا بڵاوبوویەوە. هاوکات هەموو چاوپێکەوتنەکان و پەیوەندییەکانی ناو زیندانیش بڕێنران. ٣ زیندانی، کە وەک سکرتێر چووبوون بۆ ئیمراڵی ناتوانن چاویان بە بەرێز ئۆجالان بکەوێت. گۆشەگیری بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت".

'رێگای ژیانی هاوبەش تێکشکاندنی گۆشەگیرییە'

گەزگۆر باسی ئەوەیکرد، ئۆجالان بۆ ئەوەى بناغەى دیموکراسی بەهێز بکات ساڵەهای ساڵ تێکۆشا و وتی "فیکر و رامانی ئۆجالان ئەڵتەرناتیڤە بۆ کۆمەڵگە و داهاتووی چارەسەریی دیموکراتیک. ئەمڕۆ گۆشەگیری لە کەسایەتیى بەڕێز ئۆجالان دا بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا بڵاوبوەتەوە. سیاسەتی پێداگریکردن لەسەر شەڕ و گۆشەگیری تێکدان و داڕوخان بە دواى خۆیدا دەهێنێت. پێداگری لەسەر شەڕ دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان دەسەلمێنێتەوە و کورد بە نەبوو دەزانن. پێداگری لە شەڕدا سەلمێنەری ئەوەیە، دەسەڵات تێکشکاوە. رێک لەم دۆخەدا دەبێت بۆ یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتیک و تورکیایەکى دیموکراتیک و چارەسەریی دیموکراتیکی کورد یەکبگرین. دەبێت بۆ چارەسەری لە دەوری یەک کۆببینەوە. دەبێت دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە. گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی پێ بێت، چونکە قەیرانی ئێستا پەیوەندیی بە گۆشەگیرییەوە هەیە. بەرێز ئۆجالان لە دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا بۆ چارەسەری دیموکراتیک پێشنیازی مێزێکى ٣ قاچی کرد. رێگای ژیانی هاوبەش لابردنی گۆشەگیرییە".

'کاتێک دەنگی ئۆجالان بە کۆمەڵگە دەگات ئاشتی بەدی دێت'

گەزگۆر ئاماژەى بەوەکرد، گۆشەگیریی سەر ئۆجالان هیچ سوودێکى بۆ کورد و بۆ تورکیش نییە و وتی "گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان نە بۆ کوردان و نە بۆ تورکانیش هیچ سوودێکى نییە. ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت زیان بە هەموومان دەگات. دەبێت بنەماڵە، پارێزەران و شاندەکان بڕۆن بۆ ئیمراڵی و بە رێکوپێکی چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. دەبێت گوێ لە ئۆجالان بگیرێت. کاتێک دەنگی ئۆجالان بە کۆمەڵگە دەگات ئارامی پێشدەکەوێت. بەرێز ئۆجالان ٢١ ساڵە بۆ ئاشتی تێدەکۆشێت. فەلسەفەی ئاشتیی پێشخستووە. ملیۆنەها کەس لە هەڵمەتێکدا ئیمزایانکرد و رایانگەیاند، ئۆجالان ئیرادەى سیاسیمانە. گۆشەگیری بەسەر هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە تایبەتى ژناندا سەپێنراوە. بە پێشەنگایەتیی ژنانی کورد هەڵمەتى مانگرتن لە خواردن دەستیپێکرد و چالاکیی مانگرتنەکە بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە. ژنان بە بەرخودانەکەیان پاشەکشەیان بە دەوڵەت کرد".

'ژنان گۆشەگیر دەکرێن'

گەزگۆر باسی ئەوەیکرد، گۆشەگیری تەنها لە رێگەى بەرخودانەوە تێکدەشکێنرێت و ئەوەشی وت "دەبێت ژنان پێشەنگایەتیی ئەوەش بکەن، چونکە گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان زۆرترین کاریگەریی لەسەر ژنان دروستکردووە. بە گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان توندوتیژی، کوشتن، دەستدرێژی و زەوتکردنی دەستکەوتەکانى ژنان زیادیکردووە. دەبێت هەموو رێکخراوە سیاسیی، مەدەنی، گەنجان، ژنان، پیاوان و هەموو تاکێکى کۆمەڵگە لە دژی گۆشەگیری راپەڕێت. بەڕێز ئۆجالان لە چاوپێکەوتنی پێشوویدا وتبوی 'گۆشەگیری تەنها لە رێگەى بەرخودانەوە تێکدەشکێنرێت'. دیسانەوە دەبێت ژنان یەکێتیى خۆیان دروست بکەن و لە دژی گۆشەگیری ریز ببەستن. تاوەکو ئێمە بێدەنگ بین و یەکێتیى خۆمان دروست نەکەین، ئەوا گۆشەگیری بەردەوامیی دەبێت".

ژ.ت