کەژەکە: دەبێت بە خێرایى چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجام بدرێت

کەژەکە لەبارەى کەوتنەوەى ئاگر لە ئیمرالی رایگەیاند، "دەبێت سی پی تی بە خێرایى شاندێک رەوانەى ئیمراڵی بکات و پارێزەران و بنەماڵەی رێپەر ئاپۆ بە خێرایی سەردانى بکەن". کەژەکە راشیگەیاند، تاوەکو پارێزەران نەچن بۆ ئیمراڵی دەبێت شەقامەکان چۆڵ نەکرێن.

لە راگەیاندراوەکەى کەژەکەدا هاتوووە:

"سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمراڵی لەلایەن دەسەڵاتى فاشیستی ئاکەپە – مەهەپەەوە داڕێژراوە و بەسەر هەموو گەلی کوردستان و تورکیادا دەسەپێنرێت. رێبەر ئاپۆ لە ناو هەلومەرجی ئەشکەنجە و گۆشیریى قورسدایە. لەسەر رێبەرایەتیمان سیاسەتی بارمتەى سیاسی بەڕێوەدەچێت. هیچ یەک لە مافە یاسای و دەستوورییەکان لە ئیمراڵی کاریان پێنەکراوە. بە سیاسەتى میزاجی حەق و مافەکان پێشێلکراون. هەلومەرجی ژیانى رێبەرایەتیمان رۆژ لە دواى رۆژ قورستر دەبێت. لەو هەلومەرجە فیزیکییەدا، کە ناتوانێت هەناسە بدات لە ژوورێکدا راگیراوە. بە هاتنی رژێمى ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست هەڕەشەکان وەرگەڕانە سەر سیاسەتى بەرچاو و ئاشکرا و پێشخستنی ئەو سیاسەتە.

هەروەها کاتی ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم و سەرباری ئەوەى لە ژوورێکدایە، سزای ژووری تاکە کەسییان بەسەردا سەپاند و هەلومەرجی ژیانی زیاتر قورسکراون و گوشارەکان بۆ سەری زیادکراون. لە ئیمراڵی لە ٧ی ئابەوە تاوەکو ئێستا کەسێک قسەى لەگەڵ نەکردووە، پارێزەران و بنەماڵەکەى رێگایان پێنەدراوە سەردانی بکەن، لەبارەى رێبەر ئاپۆ و ئەو زیندانییە سیاسییانەى تر کە لەگەڵیدان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. سەردانى پارێزەران بۆ بنەماڵەکەى بۆ ئەنجامدانى چاپێکەوتن رەتدەکرێنەوە. هەموو ئەوانە نیشانەى ئەوەن، کە ئیمراڵی بەشێوەى سیستمی ئەشکەنجە دامەزراوە و لەلایەن سیستمێکى تایبەت و فەرمانگەى شەڕی تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت.

دەبێت سی پی تی شاندێک رەوانەى ئیمراڵی بکات

ئەو هەواڵەى ٢٧ی شوبات لەبارەى ئاگرکەوتنەوە لە دوورگەى ئیمراڵی بڵاوکرایەوە، بە لێدوانێک لەلایەن وەزیری ناوخۆ، ئاکتۆری سەرەکیی قڕکردن و دوژمنی کوردان بڵاوکرایەوە و لەو رێگەیەوە رای گشتی بە رووداوەکەى زانی. ئەو دۆخە نە بە بنەماڵەکەى وتراوە و نە بە پارێزەرەکانی. بەرپرسانى دەوڵەت نەیانوت، کە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانى ئیمراڵی بۆ روویداوە، کێ ئاگرکەى کردووەتەوە، ئاگرەکە تاوەکو کوێ تەشەنەى سەندووە، بۆ رێوشوێنیان نەگرتووەتەبەر و لە پێش هەموانەوە رێبەر ئاپۆ و دۆخی تەندروستیى و زیندانییە سیاسییەکانى تر چۆنە. ئەو دۆخە نابەرپرسیارێتی و ناجدیەتی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەخاتەڕوو. ئەو دەسەڵاتە ماوەیەکە هێرش دەکاتە سەر رێبەر ئاپۆ، هەم ئاکتۆری سەرەکیى قۆناغەکە، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ ژەهرخواردیانکرد و هەم بە زۆریش قژ و سمێڵی رێبەر ئاپۆیان کورتکردەوە و ئەشکەنجەى جەستەییان ئەنجامدابوو. ئەو قۆناغە و هەموو ئەو کارانە بە چالاکی و تێکۆشانی گەلی کورد و ژنان پوچەڵکرانەوە. ئەم دۆخەى ئێستا نیگەرانیى گەورەى لەلای هەموومان دروستکردووە. بێدەنگیی دەوڵەت لەو بارەیەوە دەبێت وەک کێشەیەکى گەورە سەیر بکرێت، بۆیە دەبێت بەپێی ئەوە ئێمە نزیکبینەوە و رێوشوێنى پێویست بگرینەبەر.

لەو چوارچێوەیەدا و لە پێش هەموانەوە بانگ لە سی پی تی و هەموو رێکخراوەکانى بواری مافەکان، مافناسان، سیاسەتمەداران و رای گشتى دەکەین، کە ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن. دەبێت بە خێرایى سی پی تی شاندێک رەوانەى ئیمراڵی بکات و پارێزەران چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجام بدەن.

دەبێت شەقامەکان چۆڵ نەکرێن

ئاسایشی ژیانی رێبەر ئاپۆ ئاسایشی ژیانى گەلی کورد و ژنانە. بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی راست لەبارەى رێبەرایەتییەوە دەبێت پارێزەران بە خێرایى بچنە ئیمراڵی. تاوەکو لە رێبەرایەتیمان زانیاری دەست نەکەوێت دەبێت هەموو گەلی کورد، ژنان و دۆستانی کوردان شەقامەکان چۆڵ نەکەن. تاوەکو چارەسەری کورتماوە، مامناوەندە و درێژخایەن بۆ کێشە تەندروستی، ئاسایشی و ئازادیى رێبەر ئاپۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێت تێکۆشان و بوارەکانى بەرخودان گەشەیان پێ بدرێت و بەرەوامییان هەبێت".

ژ.ت