یەپەژە: تێکۆشانمان تا سەرکەوتن بەردەوام دەبێت

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە هەرێمی جزیر، بە مەراسیمێکی سەربازی و ئاهەنگێک ٨ی ئازار ڕۆژی جیهانی ژنانی پیرۆز کرد.

لە شاخی کەزوانانی شاری حەسەکەی هەرێمی جزیر ڕۆژی ٨ی ئازار، جەژنی ژنانی بەرخۆدێر و جیهان بە پێکەنینی سەر لێوی شەڕڤانانی یەپەژە و بە جوانی کەزی کچانی ڕۆژ بە جۆش و خرۆشێکی گەورە پیرۆز کرا.

مەراسیم بە بەشداری سەدان شەڕڤان و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی یەپەژە سازکرا. ڕۆژدا شیار، سۆلین کۆبانی، کوردستان دێرک، ئالبین عامودێ و ئەڤینار گرکێ لەگێ فەرماندەکانی هەرێمی جزیری یەپەژە بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد. ڕۆژدا شیار لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، تێکۆشانی یەپەژە بۆ هەموو ژنان و پاراستنی وڵاتمان تا سەرکەوتن بەردەوام دەبێت.

ڕۆژدا شیار فەرماندەی یەپەژە وتی، "سەرەتا ڕۆژی ٨ی ئازار لە هەموو شەهیدانی بەرخۆدان و لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم. ڕۆژی بەرخۆدانی ژنان لەبەرانبەر عەقلیەتی باوکسالاری بەڕێوەبراوە و ئەم ڕۆژە کە بە ڕەنجی ژنانی بەرخۆدێر دروست بووە لە هەموو ژنانی جیهان بە هەمان هەست پیرۆز دەکەین. هەروەها ئەم ڕۆژە لە دایکانی شەهیدان، هەموو مرۆڤایەتی و ژنانی شۆرشگیر کە ڕەنجێکی زۆریان بۆ تیکۆشان داوە بە جۆش و دڵگەرمیەکی گەورە پیرۆز دەکەین."

ڕۆژدا شیار ئاماژەی بەوەدا، "بە تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز، ئێمە گەیشتینە ڕۆژی سەرکەوتنی مێژوویی. لەبەرئەوەی ژن خۆی ژیانە.ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لە بەرانبەر هەموو دۆخێکی سەختدا بەرخۆدان دەکەن و لە بەرانبەر عەقلیەتی دەسەلاتدار  لە هەموو بوارەکانی ژیاندا تێدەکۆشن، یەپەژەیە کە هەموو ژنان لە هەموو ناسنامەکان لەناوخۆیدا کۆکردووەتەوە. ئەوەی کە ئەمڕۆ پێشەنگایەتی دەکات، بۆ ئیرادە و ناسنامەی خۆی بە بوێری تێدەکۆشێت و شەڕ دەکات، یەپەژەیە. بە خۆشەویستی وڵاتەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ خۆی بەخت دەکات. بۆ ژیانی یەکسان هەموو ساتێک لە ناو بەرخۆدانێکی سەختدایە. بێگۆمان ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کەسایەتی یەپەژەدا بە پیتی زێڕین دەنووسرێتەوە.

ڕۆژدا شیار فەرماندەی یەپەژە ئەوەی خستەڕوو، ئێمەی یەپەژە بە ئیرادە و بڕوای خۆمان ئامادەین تا دوایین ساتی ژیانمان تێبکۆشین و بۆ ئازادی هەموو ژنانی جیهان و خاکەکەمان گیانمان بەخت بکەین. جارێکیتر ٨ی ئازار لە رێبەر ئاپۆ، لە هەموو مرۆڤایەتی و هەڤاڵە ئامادەبووەکان پیرۆز دەکەین.

دواتر هەڵپەرکێیەک کە لە لایەن شەڕڤانانەوە ئامادەکرابوو، پێشەکەشکرا و شەڕڤانان بە هەڵپەڕکێ و بە دروشمی 'بژی سەرۆکی ئاپۆ'، 'ژن، ژیان، ئازادی'، 'بەرخۆدان ژیانە' کۆتاییان بە مەراسیمەکە هێنا.

ف.ق