٧٩ رۆژە نوێنەری خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا لەلایەن پەدەکەوە رفێنراوە

نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان، ماوەی ٧٩ ڕۆژە لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە و دەوترێت دۆخی تەندروستیی باش نییە.

ڕۆژی ١٠ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، هێزەکانی پەدەکە، جیهاد حەسەن نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دوو ئەندامی پەیەدەیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕفاند، ٢٩ی تەمموز، دوو نوێنەرەکەی پەیەدە دوای ٥٠ ڕۆژ، سەربەستکران، بەڵام جیهاد حەسەن هێشتاش ئازاد نەکراوە.

ئەم کردەوەیەی پەدەکە لە چوارچێوەی پێشێلکردنی هەموو یاسا دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکاندایە، کە بەپێیان نابێت هیچ سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێک بەبێی بەڵگەی یاسایی دەستگیربکرێت، چ بگات بە ڕفاندن، تەنانەت دوای ئەوەش دەبێت لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بکرێتەوە.

تا ئێستاش، بەرپرسانی پەدەکە هۆکاری ڕفاندنی نوێنەری خۆبەڕێوەبەرییان بۆ پەیەدە و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوون نەکردووەتەوە.

شایانی باسە، کە نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشووری کوردستان، ماوەیەک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە دۆخی تەندروستی جیهاد حەسەن باش نییە و داوای ئازادکردنی کردبوو، ئەو نوێنەرایەتییە هەروەها داوای لە بەرپرسانی هەولێریش کردبوو، کە سەردانی جیهاد حەسەن بکەن، بەڵام داواکارییەکەیان بێوەڵام ماوەتەوە.