چنینەوەی دەرنجامی 'لکاندن و داگیرکاری تورک'

ڕەوتی مێژوو هەرگیز پێچەوانەی ئاڕاستەی خۆی ناجوڵێتەوە، ڕەنگە باجدانی هەندێک ڕووداو درەنگ بکەوێت، ئەما بە دڵنیاییەوە دەبێت باجی ئەو کردەوانە بدرێت.

ڕەوتی مێژوو هەرگیز پێچەوانەی ئاڕاستەی خۆی ناجوڵێتەوە، ڕەنگە باجدانی هەندێک ڕووداو درەنگ بکەوێت، ئەما بە دڵنیاییەوە دەبێت باجی ئەو کردەوانە بدرێت. هەندێ جاریش هەر لەگەڵ بە ڕۆژەڤ بوونی ئەو ڕووداوانە، دەستبەجێ مێژوو تۆڵەی خۆی دەکاتەوە. گەرمترین ڕۆژەڤی ئێستا لە عێراق و ناوچەکەشدا بۆ جیهان و بەتایبەت بۆ گەلی کورد بابەتی 'داگیرکاری و سیاسەتی لکاندنی دەوڵەتی تورکە' کە ساڵانێکە لەسەر خاکی کوردستان دەستیپێکردووە و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە پێشەنگایەتی شێفی فاشیت تەیب ئەردۆغان پلانی بۆ دادەڕێژێت.

بۆ دەستپێکردنی ئەم قۆناغەی داگیرکارییە، دەوڵەتی تورک بە پاساوی لە ناوبردنی تەڤگەری ئازدی کوردستان هەموو دەرفەتێکی دیبلۆماسی و سەربازی خۆی خستۆتە گەڕ. لەم سەروبەندەشدا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەدەکەی کردووە بە پاشکۆی خۆیی و وەک داردەست و چاوساغێک بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.

پەدەکە؛ مێژوویەک لە خیانەت

لەگەڵ درێژکردنەوەی مێژووی پڕخیانەتی خۆیدا، پەدەکە هەر لەسەردەمی سەرکوتکردنی کۆماری کوردستان-مەهابادەوە بە پێشەنگایەتی مەلا مستەفای باوک تۆوی خیانەتی لە سیاسەتی خۆیدا ناشتووە و سەردەم بە سەردەم لە ڕێگەیی لەباردنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کوردستانەوە گەشەی بە مێژووی خیانەتی قێزەونی خۆی داوە. گەر بە مێژووی پەدەکەدا بچینەوە هیچ شتێک نابینین جگە لە خیانەت و نۆکارایەتیکردن بۆ دووژمنانی گەلی کورد. بۆیە لێرەدا زیاتر لەسەر ئەم قۆناغەی "هاوکاری و نۆکەرایەتی" پەدەکە دەوستینەوە بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ەوە دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵە دیبلۆماسییەکانی خۆی بۆ لکاندن و داگیرکردنی باشووری کوردستان دەستپێکردووە، تا دواجار لە ٣ی تەمموزەوە بە فەرمی ئەو هەڵمەتەی دەستپێکرد، هەڵبەتە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە ڕێوشوێن و ئامادەکاری کردووە بۆ ئەو داگیرکارییە بە دانان و دروستکردنی چەندین بنکە و بارەگایی سەربازی لەسەر خاکی باشووری کوردستان.

دەوڵەتی تورک بۆ بەجێگەیاندنی مەرامەکانی کە زیندووکردنەوەی خەونی 'میساقی میللییە' لە ڕووی دیبلۆماسییەوە وەک ئەوەی خۆی بە خاوەنی باشووری کوردستان و عێراق بزانێت بە چاوساغی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی دەستوەردان لە داڕشتنەوەی سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتداری عێراق و بەتایبەت لەسەر بەڕێوەبەری باشووری کوردستان دەکات.

ئامانجی بنەڕەتی سیاسەتی داگیرکاری، پەرتەوازیی و ئاڵۆزییە

تەڤگەری ئازادی کوردستان زۆر بە درووستی لە حەقیقەتی دەوڵەتی تورک تێگەشتووە، بە هۆکاری ئەو هۆشمەندییەوە چەندین جار گەلی کوردی لە شەڕیی خۆکوژی و کورد-کوژی دورخستۆتەوە. بە ئاشکرا لە بەرنامە و فەرهەنگی زمانی سیاسی خۆیدا ڕایگەیاندوە 'لە دژی شەڕی کوردکوژیین'، بۆیە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەیی پەدەکەوە پەرەیی بە فەرهەنگی پەرتەوازەی و کورد کوژی داوە. بۆ ئەمەش هاندان و پاڵنەری شەڕی نێوان کوردانی داوە، وە لەسەر ئاستی دەستوەردانی سیاسەتی داڕشتنەوەی میکانیزمی بەڕێوەبەرییەوە هەوڵی چەسپاندنی شەڕکردن و دژایەتیکردنی تەڤگەری ئازادی کوردستانی داوە، هەر بۆیە لەسەروبەندی داڕشتنەوەی یاسایی بنەڕەتی پەرلەمانی باشووری کوردستان یەکێک لە مادەکان بریتییە لە؛ 'ڕێگریکردن و دژایەتیکردنی چالاکی و سیاسەتی پەکەکەیە لە باشووری کوردستان.' بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئامانجی دەوڵەتی تورک تا ڕادەیەک ئامانجی خۆیی پێکاوە لە دروستکردن و پەرەدان بە پەرتەوازی ناو ماڵی کوردی، کشانەوە و دژیایەتیکردنی 'کۆنگرەیی نەتەوەیی کورد' لە لایەن پەدەکەوە پڕاوپڕ جێبەجێکردنی خواستی دەوڵەتی تورکە لە لایەن بنەماڵەی بارزانی-پەدەکەوەوە.

مەرامی دیبلۆماسییەکانی دەوڵەتی تورک

عەقڵێتی هەژمونخوازی دەوڵەتی تورک کە درێژکراوەی عوسمانێتە، لە سیاسەتی ئێستایدا بە نواندی سیاسەتی دووڕویانەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هەموو دەرفەتەکانییەوە ئاگری جەنگی سێهەمی جیهانی جۆش دەدات، کە خۆی ناوکی بنەڕەتی ئەو شەڕەیە و هەموو هەلپەرستییەکانی سیستەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری دەنوێنێتەوە. دەوڵەتی تورک بە راکێشانی هێزە هەرێمییەکان بۆ ناو گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەت لە جوگرافیایی سوریا و عێراقدا لە هەوڵی لاوازکردنی بوونە-دەسەڵاتە دارایی و سەربازییەکانی ئەو لایەنانەدایە، بۆئەوەی لە بەرامبەردا بە ڕۆڵگێڕانی سیاسەتی دووڕیانەی دیبلۆماسییەت و سەربازی خۆییەوە، خۆی بکات بە باڵادەست و سەروەری هەرێمەکە; هەموو ئەمانەش 'مەرامی بەجێگەیاندنی خەونی میساقی میللی و نیو-عوسمانێتە' بۆ ئەمەش وێڕای داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە لکاندنی خاکی عەفرین و سەرێکانی بە جوگرافیایی تورکیاوە، بەم دوایانەش لە هەوڵی چێکردنی ڕێکەوتننامەیە لەگەڵ حکومەتی شامدا. بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان ئەوەمان پێ ئەڵێن حکومەتی دیمەشق بە تێڕوانینی لە مێژووی ڕق و کیناوی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە دەسەڵاتی سوریا، بە هەموو شێوەیەک ڕێکەوتننامەی ڕەتکردوەتەوە و ڕایگەیاندووە مەرجی نەگۆڕاوی شام بریتییە لە کشانەوەی دەوڵەتی تورک لە خاکی سوریادا.

وا دەرەکەوێت دەسەڵاتی شام  وێڕایی هەموو قەیران و جەنگە ناوخۆییە کاولکارییەکان کە لە ٢٠١١ەوە تێیدایە، هۆشیاریی سیاسی هەیە بەرامبەر بە مەرامی قێزەونی دەوڵەتی تورک کە 'لکاندن و داگیرکارییە' بۆیە هەموو ڕێکەوتننامە و پەیامنێکی لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕەتکردەوە.

سەبارەت بە عێراق چی؟

دەوڵەتی تورک بە پێشەنگایەتی شێفی فاشیست تەیب ئەردۆغان بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٤ لە هاتوچۆی دیبلۆماسیدا بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری دەوڵەتی عێراقدا لە هەوڵدانی بەستن و پێکهێنانی ڕێکەوتننامەدا بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری عێراقدا، تا ئەوەی لە ٢٢ی نیسانی٢٠٢٤دا ڕێکەوتننامە- لێکتێگەشتنێکی ٢٦ خاڵی لەگەڵ بەڕێوەبەری عێراقدا ئەنجامدا، ڕێکەتننامەکە لەسەر بنەمای هاوبەشیکردنی 'ئاو و کارەبا' لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرد 'کە لە بنەڕەتدا شتێک نیە بە ناوی ڕێکەوتننانەی دوو لایەنەوە بەڵکو سەپاندی خواستی دەوڵەتی تورکە' بۆچی سەپاندنە؟ ڕوونە بنەمای ڕێکەوتننامە لەسەر بەرژەوەندی دوو لایەن دەبەسترێت. بە کورتی هاوکێشەی ڕێکەتننامەکە بریتتیە لە بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق لە لایەن تورکیاوە لە بەرامبەردا دەوڵەتی تورک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ ئەجیندا و داگیرکارییەکانی خۆی کە ئەمەش لە ئیرادە-شکاندن و زیاترکردنی قەیران بۆ بەڕێوەبەری عێراق هیچ شتێکی دیکەیی پێنییە و پێینابێت. دەستکراوەیی و سنور بۆ واڵایی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکارییەکانی کە لە ٣ی تەمموزەوە لە چوارچێوەیی 'لکاندن'دا دەستیپێکردووە بەرهەمی ڕێکەوتننامەکەی نێوانیانە! لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٨٧پرۆتۆکۆلێک هەیە لەبارەی رووبارەی فوراتەوە، دەستوەردان لە بانکی نێودەوڵەتییەوە ئەوەی دیاریکرد، کە دەبێت ٥٠٠مەتر سێجا لە چرکەیەکدا کەمترین بڕە ئاو بێت کە لەسەر سنووری تورکیا و سووریاوە بگاتە عێراق، دواتر رێککەوتن لەگەڵ سووریا کرا ٥٨٪ بۆ عێراق و٤٢٪ بۆ سووریا بێت، کەچی دوابەدوای ڕێکەوتننامەکەی ٢٢ی نیسانەوە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان تورکیا زیاتر دەستی بە لێگرتنەوەی ئاو کردووە بەرامبەر بە عێراق.

لێکەوتەکانی ڕێکەوتننامەکە لەسەر ئاستی سیاسی و ئیداری عێراق

دەرنجامی نەرێنی ئەم ڕێکەتننامەیە لەسەر دۆخی باشووری کوردستان، وە بە تایبەت لەسەر پارێزگای کەرکووک زۆر کەوتەووە، کەرکووک وەک شارێکی فرە پێکهاتە و لە هەمان کاتدا جوگرافیایی ناوچە 'کێشە لەسەرەکان کە ئەم ناولێنانە خۆی بۆ خۆی دەرەنجامی پاشەکشەیی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان بوو، کە ساڵانێکە پەدەکە بەڕێوەی دەبات بەرامبەر بە خاکی دێرینی کەرکووکی کوردان'.بەپێی جموجۆڵە دیبلۆماسییەکانی نێوان دەوڵەتی تورک-پەدەکە و بەڕێوەبەری عێراق، دواکەوتن و کێشەنانەوە بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ ئەو شارە دەرەنجامی ئەو هەوڵە فاشیستیەی تەیب ئەردۆغان و شاندەکەی بوو.

دەوڵەتی تورک چی پێبوو بۆ لایەنە براوەکانی کەروکووک!

دوای زیاتر لە حەوت مانگ دواجار پۆستە ئیدارییەکانی پاڕێزگایی کەرکووک تا ڕادەیەک دیاری کران و پڕکرانەوە. پاڕێزگار یەکلایی بووەوە بەڵام ئەو 'پشێویی و ئاڵۆزییە'ی کە ئامانجی سیاسەتە قێزەونەکانی شاندی تورکی بوو گەیشت بە ئەنجام، بۆ؟ وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد دەوڵەتی تورک 'سیاسەتی نانەوەی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست'دا بەڕێوەدەبات ئامانجی ئەمەش ڕوونە بۆ هێنانەدی خەونی میساقی میللیە. دەرەنجامی ئەم سیاسەتەش لەسەر ئیرادەی پێکهاتەکانی کەرکووک بە 'ڕەسەن و هاوردەکان'یشەوە جگە لە پەرتەوازەی لە نێوانیاندا هیچی دیکەی لێنەکەوتەوە. بە جۆرێکە قورس کەوتەوە تەنانەت بووە هۆکاری تێکچوون و تێکشکاندی ناوماڵی لایەنە هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی تورکیش، گەر بە نموونە بیهێنییەوە; بەرەی تورکمانی کە ماوەی چەند ساڵێکبوو ئەرشەد ساڵەحی سەرکردایەتی دەکرد، بە دەستوەردانی دەوڵەتی تورک لەناو سیاسەت و کارنامەی ئەو بەرەیەدا وایکرد لە ئێستادا ئەو بەرەیە بکەوێتە دەستی حەسەن توران کە لە دوای هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ٢٢ی نیسانەوە بە ڕوونی دەرکەوت. ئەرشەد ساڵەحی کە بە سیاسی بەیاننمامە-دەرکردن دەناسرا دوابەدوای یەکلایی بوونەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک کە بە تەواوی بەرەی تورکمانی لێ دورخرایەوە، تەنانەت یەک ووشەشی لەو بارەیەوە دەرنەبڕی.ڕاکان جبوری و دەربڕینی واژەی خیانەت!هەڵە کوشندەکەی بنەماڵەی بارزانی بە سازدانی 'ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان' کە بەپێی ڕای سیاسەتوانان ڕیفراندۆم هیچ نەبوو جگە لە جێبەجێکردنی یارییەکانی دەوڵەتی تورک. وایکرد بەڕێوەبەری 'باشووری کوردستان' هەموو دەسەڵاتدارییەکانی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەستدات، کە پارێزگای کەرکووک سەرەکیترینی ئەو ناوچانەبوو. دوابەدوای شکستی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان لەو پارێزگایەدا کە بە ١٦ی ئۆکتۆبەر گەیشت بە ترۆپکی شکستی خۆی، کورد لەو شارەدا پۆستی پارێزگار لەدەست بدات و ڕاکان جبوری کە پۆستی جێگری پارێزگاری هەبوو لەسەر مافی پێکهاتەی عەرەبی، بۆ ماوەی حەوت ساڵ ئەو پۆستە بەڕێوەبەرێت. دوای یەکلایبوونەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنی خۆجێی ئەو شارە بە هاندانی پەدەکە- بنەماڵەی و بەرەی تورکمانی- حەسەن  توران لە چەندین هەوڵی دیبلۆماسی دەوڵەتی تورکدا توانیان بە بەڵێنی مانەوە لە دەسەڵاتی پۆستی پارێزەرگاری کەرکووکدا، ڕاکان جبووری بهێننە بەرەی هاوپەیمانی دەوڵەتی تورکەوە. ئەمەش پەرتەوازەی و دابچڕاندنی بۆ پێکهاتەی عەرەبی لە شاری کەرکووک لێکەوتەوە

بە جۆرێک دوای ڕێکەوتن و دەستیشانکردنی پۆستە ئیدارییەکانی ئەو پاریزگایە، ڕاکان جبووری دەستەواژەی 'خیانەت' بەرامبەر بە کەس و لایەنە عەرەبییەکانی ئەو ڕێکەتنە بەکاربهێنێت. ئەمەش لە بنەڕەتەدا جێبەجێبوونی مەرامی دەوڵەتی تورکە بۆ لاوازکردنی پێکهاتەی عەرەبی لەو پارێزگایەدا، هەروەک چۆن چەندین ساڵە لە ڕێگەیی پەدەکەوە بۆ لاوازکردن و پەرتەوازەکردنی نەتەوەی کورد لەو شارەدا ئەنجامی دەدات، ڕیفراندۆم جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورک بوو.