دادگای دهۆک ئەندام كۆمیتەیەكی یەنەکە و ئەندامێكی هەدەپەی بە حەوت ساڵ زیندانیی سزادا

مەلا نەزیر، ئەندامی كۆمیتەی دەركارێ یەنەکە لە زاخۆ و نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە لەلایەن دادگای دهۆكەوە بە حەوت ساڵ زیندانی سزادران.

ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگاییكردنی مەلا نەزیر، ئەندامی كۆمیتەی دەركارێ یەنەکە و  نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە دادگای دهۆك بە تۆمەتی “پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە”دا بە حەوت ساڵ زیندانی سزادران.

حاجی نەبی، برای مەلا نەزیر بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ لە دادگا ئامادەبوون، هیچ بەڵگەیەكی تاوان نەبوو بۆ حكومدانیان، بە تۆمەتبی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەبووە.

دادوەر هەریەكەیانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادا و بەهیچ شێوەیەك نەیانهێشت ئێمە قسەیان لەگەڵ بكەین.

ڕۆژی ١١ی شوباتی ئەمساڵ، هێزێکی ئاسایشی دەرکارێ، بە ئۆتۆمبیلێکی جام ڕەش، هەڵیان کوتایە سەر ماڵی مەلا نەزیر بەرواری، لە دوای پشکنینی ماڵەکەی مەلا نەزیریان دەستگیر کرد و لەگەڵ خۆیانیان برد.

هەروەها، نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە، تەمەنی ٥٥ ساڵە و ١٠ ساڵە لە هەرێمی كوردستانە و لە زاخۆ نیشتەجێبووە، لە مانگی ١٢ چووەتە هەولێر و لە ٥ی شوبات لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە بانگهێشتکراوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ مەلا نەزیردا بە حەوت ساڵ زیندانی سزادران.

ف.ق