هەپەگە: سێ گەریلا بەهۆی چەکی کیمیاییەوە شەهید بوون
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمی ئاڤاشین سێ گەریلای بە چەکی کیمیایی شەهید کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمی ئاڤاشین سێ گەریلای بە چەکی کیمیایی شەهید کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە لەسەر شەهیدبوونی سێ گەریلای كوردستان بە چەكی كیمیایی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی سێی ئەم مانگە سوپای داگیرکەری تورک لە گردی سۆر پاش ئەوەی کە ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلا بووەتەوە، هێرشی کیمیاویی ئەنجام داوە و سێ شەڕڤانی شەهید کردووە، کە لە داهاتوودا ناسنامەی ئەو سێ کەسە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێتەوە.
وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێدا، هێزە داگیرکەرەکانیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە و کاتژمێر ٠١:٣٠ خولەکی شەو لە دوو باڵەوە گورزی کوشندەکان لێداون، بەشێوەیەك، کە باڵی یەکەم بە چالاکیی تەقینەوە داگیرکەرانی کردووەتە ئامانج و باڵی دووەمیش بە نارنجۆک و چەکی سووک هێرشیان کردووەتە سەریان، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا سێ داگیرکەر سزا دراون و سوپای داگیرکەری تورک لە درەنگانی شەودا کوژراوەکانی گواستووەتەوە.
لە بەردەوامی ڕاگەیەدنراوەکەدا هاتووە کە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٣:٣٠ تا ٠٥:٠٠ خولەکی شەو، سوپای داگیرکەری تورک بە گازی کیمیایی و چەکی قورسەوە هێرشی کردووەتە سەر گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ.
دوای ئەوەی، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی شامکێی ناوچەی زاپ، هێزی گەریلا گرووپێکی داگیرکەرانیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵەوە، سەربازێکی تورک، بۆ ئەوەی خۆی تەسلیمی گەریلا بکات هەڵاتووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە لای گەریلاکان، لەلایەن سوپای تورکەوە تەقەی لێکراوە، بە ئامانجی دەرچوونی سەربازەکە شەڕێکی قورس لەنێوان هێزی گەریلا و سوپای تورکدا دروست بووە و گەریلایەک لەو شەڕەدا بریندار بووە.
سوپای داگیرکەری تورک شوێنی سەربازەکەیان بە تۆپی ئۆبووس بۆردوومان کردووە، پاش بۆردوومانەکە کاتێک هێزی گەریلا گەیشتووەتە شوێنی سەبازەکە، ئاشکرا بووە، کە بەهۆی ئەو بۆردوومانەکەوە مردووە و هەروەها، زانیویانە ناوی ئەو سەربازەی کە نەیویستووە شەڕی گەریلا بکات، سەزائی گونگۆرە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماری هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگەدا بەم شێوەیە ئاشکرا کراوە:
ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٥:٠٠ تا ٠٦:٠٠ گوندی ڕێنچبرائای سەر بە هەرێمی زاپ لەلایەن بارەگاکانی سەر سنوورەوە بە تۆپی ئۆبووس بۆردوومانکران.
ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٣٠ تا ٠٠:٣٠ خولەکی شەو هێلیکۆپتەر بەسەر هێڵی قاشوورای هەرێمی مەتینادا سووڕاوەتەوە و نزیکی گوندەکانی ئێدنێ، دێشیشێ، هرۆری دێرارێ و سەراروو لە شارەدێی کانی ماسیی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی و گۆڕەپانی گردی شەهید چیا، کۆردینە، قەڵای قوومری لەلایەن هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومان کراون.
ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٤٠ تا ٠٠:١٠ خولەکی شەو لە مەرڤانۆس، تابووری عەرەبان، گردی سپی، گردی سۆر و گردی سلێمانی هەرێمی ئاڤاشین جوولەی هێلیکۆپتەر بینراوە، هاوکات هێلیکۆپترەکان بناری وەرخەلێ و دۆڵی باسایان کردووەتە ئامانج.
ف.ق