ھەر یەکە لە کارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب، شێروان تەھا و مەسعود عەلی لە ڕۆژی ٦ی ئەیلوولەوە دەستان بە مانگرتن تا مردن کردووە و نە نان دەخۆن نە ئاو، هەر لەگەڵ دەستپێكی مانگرتن لەلایەن ئەو دەستگیركراونەوە، سەرجەم زیندانیانی بادینان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند و لە ئێستادا ٧٢ دەستگیركراوی بادینان لە زینداندا مانیان گرتووە.
لەوبارەیەوە، بارزان شێروانی برای شێروان شێروانی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندوە: دۆخی شێروان و هاوڕێكانی، کە ئێستا لە چاکسازیین، باشترە لە زیندانی ئاسایش ، بەڵام بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن.
دەشڵێت: قسەم لەگەڵ شێروان كردووە و ئەوەی پێوتم، كە ئەو چوار دەستگیركراوەی مانیان خواردن و خواردنەوە گرتووە، پێش ئەوەی ئێمە بنێرن بۆ چاكسازیی، ئەوان بارودۆخیان زۆر خراپ بووە.
بە وتەی شێروان شێروانی، كە بۆ براكەی باسی كردووە، ئەو چوار دەستگیر كراوە لە زیندان خستنیانە شوێنی زۆر ناوخۆشەوە بۆئەوەی مانگرتنەكەیان بشكێنن، بەڵام ئەوان بەردەوامبوون لەسەر مانگرتن و نەیان شكاندووە.
بارزان شێروانی، وتیشی: شێروان وتویەتی”ئێمەیش مانگرتن ناشكێنین تا هەمومان كۆنەبینەوە لەیەك هۆڵدا”، شێروان و ئەوان گۆهداریان لەگەڵ نە نێردراوە بە بیانووی ئەوەی كەیسی چەكەكەی تەواو نەبووە”.
باسی لەوەشكرد، تائێستا پەیوەندیی تەلەفونییمان لەگەڵیاندا ئاسانە، بەڵام تائێستا هیچ هەوڵێك نییە بۆ بینینیان.
لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركراون، بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێم و دروستكردنی هێزی چەكدار، لەكاتێكدا بەوتەی پارێزەرانی دەستگیركراون ئەو بەڵگانەی خراوتەڕوو هیچ بنەمای یاسایی نەبووە و بەشێكیان هەر پەیوەندییان بە تۆمەتەكانەوە نییە.