هەزاران هاوڵاتی تەرمی شەهید شوکری سەرحەد بەڕێدەکەن

تەرمی شەهید ‘شوکری سەرحەد’ کە ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی میتی تورکدا لە سلێمانی شەهید کرا، لەلایەن هەزاران کەسەوە بەڕێکرا.

ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی بەیانی لە گەڕەگی چوارچرای شاری سلێمانی، “یاسین بولوت” ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، کە بە ‘شوکری سەرحەد’ ناسراوە، لەلایەن میتی تورکەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامیدا شەهیدبوو.

 

تەرمی شەهید شوکری سەرحەد کە چوار گولـلەی بەرکەوتبوو و شەهیدبوو، لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە برایە مزگەوتی ‘ئەحمەدی حاجی عەلی’ لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی و لەوێ کاروباری ئاینیی ئەنجامدرا.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێ شەهیدبوونی ‘یاسین بلوت’ ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، بە هەزاران کەس لە خەڵکی هەولێڕ، سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە، ڕانیە، پێنجوێن و زۆرێک دیکە لە ناوچەکان، خۆیان گەیاندە مزگەوتی ‘ئەحمەدی حاجی عەلی’ لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی و لەوێ کۆبوونەوە.

دوایی بە هەزاران کەس تەرمی شەهید شوکری سەرحەدیان کە بە ئاڵای پەکەکە پۆشراوە، بە سەر شان تا پردی سەرچنار هێنا.

جەماوەر کە بێ وەستان دروشمی “شەهید نامرن و بمرێ خیانەت”ـیان دەوتەوە، تەرمەکەیان بە کاروانێک کە لە سەدان ئۆتۆمبێل  پێکدێت، بەرەو گۆڕستانی شەهیدان برد.