ئەمڕۆ بە بەشداریی سەدان کەس لە هۆڵی شارۆچکەی سنۆنێی سەربە شەنگال پارتیی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان- پادێ، بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانەوە ئاهەنگێکیان گێڕا.
عۆمەر سالح هاوسەرۆکی پادێ، لە ئاهەنگەکەدا ئاشکرای کرد کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێزدییەکان خاوەن ڕۆڵێکی مێژووییە و ئەو هەلە بە فیداکاریی شەهیدان دابین کراوە، عۆمەر سالح وتی: بۆیە پێویستە هەموو کەسێک بە دەنگەکانیان ئەو هەلە بەکاربێنن، بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین تا ڕێبازی شەهیدان بپارێزین، ئەو پیلانانەی کە لە دژی پارتە ئێزدییەکان لە ئارادایە فەرمانێکی نوێیە، هەموو کەسێک دەیەوێت کۆمەڵگای ئێزدی فریو بدات بەڵام ئێمە پێمانوایە کە پارتەکەمان دەتوانێت دەنگمان بگەیێنێتە هەموو کەسێک.
لە ئاهەنگەدا هەروەها ریحام حچۆ لەلایەن تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی- تاژێ، هەموو شەهیدانی ٧٣ فەرمانی سەر ئێزدیانی بەبیرهێنایەوە و داوای لە کۆمەڵگای ئێزدی کرد کە هەرگیز چارەنووسی خۆیان بە کەسێکی دیکە نەسپێرن، زۆرتر لە حەوت ساڵە کە بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەین، وەکو تاژێ لە هەموو بوارەکاندا بووینەتە پێشەنگی کۆمەڵگا بەڵام دوژمنانمان هەموو کردەوەیەک لە دژی شەنگال ئەنجام دەدەن تا ئێمە سەرکەوتو نەبین ، ئەمڕۆ بانگ لە گەلەکەمان دەکەین و دەڵین دەنگمان شەرەفمانە، هەر دەنگێکمان فیشەکێکە کە بە ڕووی دوژمنانماندا دەتەقێتەوە.
لە درێژەی ئاهەنگەکەدا مەروان بەدەل لەسەر ناوی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگالەوە قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی سەر شەنگال دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پیلانگێڕییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگای ئێزدی بەڕێوەیە و وتی: ئەو پڕۆژانەی کە پادی دەستنیشانیان کردووە دەتوانن کۆتایی بە هەموو پیلانگێڕییەکانی سەر کۆمەڵگای ئێزدی بێنن، مەروان هەروەها لەسەر گرنگی یەکدەنگبوونی ئێزدییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانەدا قسەیکرد.
سەمیر دەروێش کاندیدی پادێش، بەرنامەی پارتەکەی ئاشکراکرد و بەڵێنی بە کۆمەڵگای ئێزدیدا تا هەموو کاتێک دەنگی ئێزدخان بۆ ئازادی و دیموکراسی بێت و لە بەرامبەر لایەنە پیلانگێڕەکاندا تێکۆشان بکات و وتی: بەڵێن بە کۆمەڵگای ئێزدی دەدەم تا بەردەوام بە هەموو توانایەکمەو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کۆمەڵگای ئێزدی بپارێزم و تا دوا هەناسەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان تێبکۆشم.”
بە گۆرانیی گروپی چیای شەنگاڵ و هەڵپەڕکێیەکی گەرمەوە کۆتایی بەو ئاهەنگە هات.