گەریلا کەنداڵ: روومان لە سەرکەوتنە، بەدڵنیاییەوە سەردەکەوین

گەریلا کەنداڵ کۆبانێ ڕایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک کە ماوەی چەند مانگێکە نەیتوانی بەرخۆدانی گەریلا بشکێنێت، چەکی کیمیایی بەکاردێنێت و وتی"بەرخۆدان هێشتا بەردەوامە " روومان لە سەرکەوتنە، بەدڵنیاییەوە سەردەکەوین. "

گەریلای هەپەگە کەنداڵ کوبانی گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵە، لەپڕۆسەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی بازەکانی زاگرۆسدا جێی خۆی گرتووە. ڕۆژی ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ کاتێک سوپای تورکیای داگیرکەر لە ناوچەی وەرخەلێ هێرشی کردە سەر پێگەکانی گەریلا، یەکێک لەو گەریلایانە بوو کە گورزی لە سەربازانی تورکدا. گەریلا کەنداڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF) باسی لە تێکۆشانی خۆی کرد.

گەریلا کەنداڵ کۆبانێ ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئامادەن و وتی"ئێمە دەمانزانی کە دوژمن هێرش دەکاتە سەر ناوچەی وەرخەلێ. بۆیە ئێمە ئامادەکاریمان هەبوو. کاتێک دوژمن هێرشی کرد و ویستی بەرەو پێشەوە بڕوات، ئێمە وەک هێزی گەریلا لەوێ هێرشمان کردە سەر دوژمن. دوژمن بە شێوەیەکی سەرەکی هەوڵ دەدات بە ڕێگای شەڕی دەروونیەوە ئەنجام بەدەست بهێنێت. دەڵێن 'وەرن، ئێمە دەزانین کە ئاوتان نییە، پێداویستیتان نییە، وەرن و خۆتان رادەست بکەن'. هەروەها دەزانین دوژمن چ کاراکتەرێکی هەیە. بۆیە گاڵتە بە بانگەوازی خۆبەدەستەوەدانیان دەکەین. دوژمن بە بوێری هێرش ناکاتە سەر تونێلەکانی شەڕ. لە ڕێگەی هەواڵگرییەوە کە لە هەندێک کۆنترا و سیخوڕەوە وەریگرتووە، هێرش دەکات."

'تەنها تەکنیک لە دەستی دەوڵەتی تورکدا ماوە'

گەریلا کەنداڵ کوبانی ڕایگەیاند، کە تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک هەموو کات لە هەموو شوێنێک بانگەشە بۆ سوپای تورک دەکات و وتی"بەڵام ئەو سوپایەی کە وەک سوپایەکی 'زۆر بەهێز' ناوی دەهێنن، ناوێرێت لە تونێلەکانمان نزیک ببێتەوە. ئەوان هێشتا هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی سەگەکانەوە ئەنجام بەدەست بهێنن. ئێمە ئێستا شێوازەکانی دوژمن دەزانین. هێشتا کیمیایی بەکاردێنێت دژی تونێلەکانمان، چونکە چەند ناتوانێت بەرەنگاری بەرخۆدانی هەڤاڵانمان ببێتەوە. بە پەت مین شۆڕ دەکەنەوە بۆ ناو تونێلەکان، کامێرا بە سەگەوە دەبەستنەوە و رەوانەیان دەکەن، بانگەوازی ئەو سەربازانەی کە ناوێرن بچنە ناو تونێلەکان، سودیان نییە. هاوڕێکان لە دژی ئەمانە ڕێوشوێنیان گرتووەتە بەر. هەڤاڵان هەر زوو هەست بە هەوڵەکانی دوژمن دەکەن و کە هێرش دەکەن، ئێمە ڕێوشوێنی خۆمان دەگرینەبەر.

هاوڕێیەکی ئێمە هەندێک جار دژی بیست سەرباز دەجەنگێت و کاتێک لێیان دەدەین سەربازەکان بێ وەڵامدانەوە دەستبەجێ هەڵدێن. تەرمی کوژراوەکانیان بەجێ دەهێڵن. بارودۆخی سەربازەکان بەم شێوەیەیە، تەنیا تەکنیکیان ماوە. لە دژی تەکنیکیش ئێمە ڕێوشوێنی خۆمان دەگرینەبەر. فڕۆکەی چاودێری، هەلیکۆپتەرەکانی سکۆرسکی، کۆبرا، فڕۆکەی جەنگی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەسەر سەرماندا دەفڕن. واتە ئەگەر ئامانجێک نەبینن ئەوا بەبێ هیچ هۆکارێک ناوچەکە بۆردومان دەکەن. بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر دەروونی ئێمە دروست بکەن. ئێمە دەزانین کە دوژمن دەیەوێت چی بکات و هیچ کام لەمانە کاریگەری لەسەر ئێمە نییە. بۆیە بەرخۆدانی ئێمە بەردەوامە. روومان لە سەرکەوتنە و دەزانین کە بێگومان سەردەکەوین. ئەگەر هاوڕێیەکمان لێ وەربگرن، دەیان کەسیان سزا دەدەین. نەک تەنها لەڕووی جەستەییەوە، بەڵکو بۆ لەناوبردنی عەقڵییەتی دوژمن تا کۆتایی شەڕ دەکەین"

ف.ق