پێنج کرێکاری دانیشتوى کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور) کە بۆ کارکردن چووبوونە سلێمانی، بەڵام ڕۆژی ٢٤ی ئاب و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناو بنەماڵەکانیان، لە نزیک شارۆچکەی پردێ و لەلایەن هێزە تورکمانە عێراقییەکانەوە دەستگیر دەکرێن، ئەو کرێکارانە سەرەڕای سووکایەتیکردن پێیان، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیش درابوون پاش دوو ڕۆژ مانەوەش ڕزگارکران.
یەکێک لەو کرێکارانە بەناوی زیندان محەمەد عەگید، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز لەبارەی کاتی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەکانیان قسەی کرد.
زیندان محەمەد عەگید، لەگەڵ چەند کرێکارێکی دیکە لە سلێمانی کارى کرێکارى لە بوارى بیناسازیدا دەکەن، پاش کۆتاییهاتنى کارەکەیان بەرەو مەخموور دەڕۆنەوە، بەڵام وەک عەگید وتی، “لەکاتی گەڕانەوەیان لە نزیکی شارۆچکەی پردێی سەر بە پارێزگاى هەولێر، لەلایەن هێزە تورکمانە عێراقییەکانەوە دەستگیرکراون”.
زیندان محەمەد عەگید لەبارەى دەستگیرکردنەکەیان بەمشێوەیە، بۆ ڕۆژنیوز دوا، “لە سلێمانی کارمان دەکرد و دە بۆ پانزە ڕۆژ جارێک سەردانی بنەماڵەکانمان دەکردەوە، ئەو ڕۆژەش وەکوو هەموو جارەکانی دیکە پاش کۆتاییهاتن بە کارەکانمان بەرەو ماڵەوە گەڕاینەوە، بەڵام لە خاڵی پشکنینی پردێ دەستیان گرت بەسەر ناسنامەکانماندا و پرسیاریان لێکردین کە کێین؟ لە کوێوە دێین و بەرەو کوێ دەچین؟ ئێمەش لە وەڵامدا وتمان خەڵکی مەخموورین، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ناسنامەمان پێ بوو و ئەو ناسنامەیە لە هەموو عێراقدا کارى پێدەکرێت، کەچى دەستیان گرت بەسەر مۆڵەتی شۆفێرەکەماندا و ناردینیان بۆ خاڵێکی پشکنین لە کەرکووک”.
زیندان لەوبارەوە زیاتر دواو رایگەیاند، “پاش ناردنمان بۆئەو خاڵى پشکنینەى کەرکوک، پێمان وابوو کە ناسنامەکانمان لە کۆمپیوتەر دەدەن و دواتر دەگەڕێینەوە، بەڵام لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر ٠٦:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بێ هیچ خواردنێک لەوێ ئێمەیان هێشتەوە، ئێمەش داوای ئاومان لە پیاوێکی عەرەب کرد، بەڵام ئەویش نەیوێرا ئاومان بۆ بهێنێت، منداڵێکی ئاوفڕۆشی پێ نیشانداین و خۆمان چووین ئاومان کڕی، پاشان ئۆتۆمبێلێکى دیکەیان هێنا دوو کەسمان بەو ئۆتۆمبێلە و سێ کەسى ترمان بە ئۆتۆمبێلەکەى خۆمان گواستەوە، لە ڕێگادا زانیمان بەرەو زیندان دەچین و کە گەیشتینە زیندان بینیمان هەموو بەرپرسەکانیان تورکمانن.”
“لە پاش دەستگیرکردنمان ئەشکەنجەدراین”
ئەو هاوڵاتیە ئاشکرایکرد، “لە پاش گواستنەوەیان بۆ زیندانی کەرکووک، لەوێ سووکایەتییان پێکراوە و ئەشکەنجە دراون و پێیان وتین، ئێوە لە قەندیلەوە دێن، دەتانەوێت لە مەخموورەوە بڕۆن بۆ شەنگال و لەوێشەوە خۆتان بگەیەننە ڕۆژئاوا، ئێوە ئەندامانی پەکەکە دەگوازنەوە، لێیانداین و سووکایەتییان پێکردین، هەرچەندە وتمان کرێکارین و بۆ پەیداکردنى بژێوی ژیانی خۆمان کار دەکەین، بەڵام لەسەر ئەشکەنجەدانمان بەردەوامبوون”.
“مۆبایل و کەلوپەلەکانیان لێوەرگرتین”
هەورەها، عەگید وتیشى، “مۆبایل و کەلوپەلەکانیان لێوەرگرتین و لە ژوورێکی بچووکدا ئێمەیان هێشتەوە، بێ ئەوەى هیچ ڕاخەر و بەتانییەکى تێدابێت و بە درێژایی شەو لەوێ ماینەوە و هەر کاتێک پاسەوانەکان سەرەی پاسەوانى خۆیان دەگۆڕی، دەهاتن لە دەرگاکەیان دەدا و بە هات و هاوارەوە هەڵیاندەستاندین”.
” لە ناو زیندانکە داوایان لێکردین سیخوڕییان بۆ بکەین”
عەگید لەبارەى دۆخى ناو زیندانەکەوە بەمجۆرە دوا، “لە ڕۆژی دووەمی زیندانیکردنماندا، چوار کەسی تورکمان لەسەر ناو بنکەى پۆلیس سەردانیان کردووین و داوای کارى سیخوڕییان لێکردین کە ئەو کەسانە هاتن بۆ لامان، “سڵاویان لێکردین، بە ڕووخۆشی قسەیان لەگەڵ، خواردنیان بۆ هێنابووین، دواتر پێیان وتین، هەر زانیارییەکتان هەیە پێمان بیڵێن، بۆ ئەوەی بڕوایان پێبکەین، قسەی نەشیاویان بە ئەردۆغان دەوت، وتم هیچمان بۆ وتن نییە و ئێمە کرێکارین.”
“گواستراینەوە بۆ بەغدا و لەوێش ئەشکەنجە دراین”
ئەو هاوڵاتیە بەمشێوەیەیە باسى گواستنەوەیانى کرد بۆ بەغدا و ڕایگەیاند، کە ڕۆژی دووەم بە کەلەپچەکراوى لە پشتی ئۆتۆمۆبیلێکدا دانراون و گواستراونەتەوە بۆ بەغدا و پاش ئەوەی گەیشتینە بەغدا کەلەپچەکانیان لە دەست کردینەوە و لە تەنیشت دیوارێک ڕایانگرتین، پارە و هەموو کەلوپەلەکانیان لێوەرگرتین و لە ژوورێکدا تا بەیانیەکەى بە چاو بەستراوى ئێمەیان هێشتەوە، بەیانییەکەی ئێمەیان برد بۆ ژوورێکی دیکە و دەست و چاویان کردینەوە”.
“لە بەغداش داواى کارى سیخوڕیمان لێکرا”
عەگید لە کۆتایدا وتى، “لەوێیش داوای سیخورییان لێکردین، بەڵام دیسان ڕەتمانکردەوە و لە گەرمای نیوەڕۆدا ئێمەیان بردە دەرەوە و لەلای ساجێکی گەرمدا دایانناین و ناچارییان کردین، کە تا سەر دەستمان بەسەر ساجەکەوە بلکێنین، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ساجەکە گەرمبوو دەستمان لەسەری هەڵدەگرت، ئەوانش هاواریان دەکرد و لێیاندەداین و پێیان وتین، “ئەگەر لەگەڵمان کار نەکەن ئازادتان ناکەین”، بەڵام پاش ئەوەی کە ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نەبووین، وازیان لێ هێناین و ئازادییان کردین.”