لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور یادی شوکری سەرحەد کرایەوە

لە کامپی پەنابەرانی مەخمور، یادی شەهید شوکری سەرحەد بە مەراسیمێک بەرز ڕاگیرا و تیایدا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی مەخمور ڕایگەیاند: پێویستە گەلی کورد تێکۆشانی خۆی لەدژی فاشزم پێشبخات.

لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد، لە ڕێکخراوی خانەوادەی شەهیداندا، بە مەراسیمێک بەبیر هێنرایەوە.

مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە هەموو شەهیدانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان دەستیپێکرد، پاشان پەیامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە خوێندرایەوە.

لەدوای ئەوە حاجی کاچان هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەل، پوختەیەک لە مێژووی خەباتی ئەو کەسایەتییەی گێڕایەوە و وتی: شەهید شوکری سەرحەد، مێژووی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادییە.

 حاجی، لەسەر ناوی خەڵکی کامپەکە، ئەو هێزە خائینانەی شەرمەزار کرد، کە دەستیان لەو کردەوەیەدا هەبووە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی ئەو شەهیدە کرد.

باشوور بووەتە هێلانەی میت

کاچان، لە درێژەی قسەکانیدا باسی کردەوە قیزەونەکانی دەوڵەتی تورکی کرد و وتی: دەوڵەتی فاشیزمی تورک ڕۆژانە کردەوەی قیزەون ئەنجامدەدات، پەدەکە بۆ داگیرکردنی کوردستان چاوساغیی بۆ دووژمنان دەکات، دەزانین ئەگەر دەستی خیانەت نەبێت دەوڵەتی تورک، ناتوانێت تەنانەت ڕۆژێکیش شەڕی هێزی گەریلا بکات، ئەگەر ئەمڕۆ میتی تورک لە باشووری کوردستاندا، بە ئاسانی هێرش ئەنجامدەدات، ئەوە بە هاوکاریی پارتەکانی باشووری کوردستاندا دەکرێت، باشووری کوردستان بووەتە هێلانەی میت، لە سلێمانی شوکری سەرحەد کە بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی لەو شارە بوو، بە هێرشێکی دڕندانە شەهید کرا، دوژمنان هەرگیز بەو هێرشانە ناگەنە ئامانجەکانیان و دەبێت باش بزانن گەلی کورد بەو هێرشانە پاشەکشێ ناکات.

کاچان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەو هێرشەی کە کرایە سەر شەهید شوکری، هێرشە بۆسەر هەموو گەلی کورد، پێویستە خەباتی ڕێبازی شەهید شوکری بپارێزین و بۆ پێشخستنی تێبکۆشن، سڵاو لە خەڵکی باشووری کوردستان دەکەین، کە خاوەندارییان لە شەهید شوکری کرد، ئەمە ڕۆحی نەتەوەییە و بەو ڕۆحییەتە سەردەکەوین.

هەروەها لە درێژەی مەراسیمەکەدا حامید ئۆتون، لەسەر ناوی خانەوادەی شەهیدانی کامپەکە، سەرەخۆشیی لەخانەوادەی شەهیدانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ کرد.

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ’، ‘شەهیدان نامرن’ و ‘بمرێ خەیانەت’ کۆتاییهات.

ف.ق