تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕاپۆرتی ئاماری مانگانەی پێشلکاریی مافەکانی مرۆڤی لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، کە مانگی “گەلاوێژ”، واتا؛ ٢٣ی مانگی تەمموز تا ٢٢ی مانگی ئاب لەخۆ دەگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی پێشلکارییەکان بەرامبەر کۆڵبەران هاتووە: لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئورمیە لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتی ئێران دوو کۆڵبەر کوژراون و ١٢ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون، هەروەها دوو کۆڵبەر لە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و نۆ کۆڵبەری دیکەش لە ئەنجامی ڕووداوی هاتووچۆ و بەربوونەوە لە بەرزایی لە کاتی کۆڵبەرییدا، برینداربوون.
لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لەم مانگەدا، لە زیندانەکانی دەسەڵات، لە ئورمیە، کرماشان، کەرەج و ئیسفەهان، حەوت هاوڵاتیی کورد لەسێدارە دراون، کە یەکێکیان بەناوی ‘سەجاد سەنجەری’ لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ بووە، هەروەها ئاماژەشی بە مەترسیی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی خەڵکی کامیاران کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کوژرانی ژنان لەم مانگەدا کراوە و هاتووە: لە شارەکانی سنە، سەردەشت، مەریوان و سەقز، حەوت ژن کوژراون کە شەش حاڵەتی ئەو تاوانانە لەلایەن هاوسەری ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە.
هەروەها ئاماژە بە بەردەوامیی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان عێراق ئێران کراوە و هاتووە: لەم مانگەدا، دوو کارمەندی پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین لە گوندی “چەم هندی” سەربە دێلوڕانی پارێزگای ئیلام، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە.
لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە پێشلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر هاوڵاتیان و چالاکوانانی کورد کراوە و هاتووە: لەم ماوەیەدا لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئورمیە، ١٠٠ هاوڵاتیی و چالاکوان لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون، کە بە لانیکەمەوە ٥٠ کەسیان لە پارێزگای کرماشان دەستگیر کراون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش، ئاماژە بە کوژرانی دوو هاوڵاتیی کورد لە ئاڵۆزییەکانی شاری نەغەدە لە پارێزگای ئورمیە لەلایەن دەسەڵات و فاشیستەکان و هەروەها کوژرانی ‘موسا باباخانی’ لە هەولێر کراوە.
ف.ق