لە پێنجوێن یادی شەهیدان ‘زانیار و لوقمان و ڕامین’ بەرز ڕاگیرا

لە مەراسیمێکدا یادی شەهیدان ‘زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حسین پەناهیی’بەرز ڕاگیرا و بەڵێن دووپات کرایەوە، کە بەردەوامیی بە رێبازی شەهیدان بدەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی شەهید ‘زانیاری مورادی’ لە شارۆچكەی پێنجوێن، مەراسیمی سێیەمین ساڵیادی شەهیدان ‘زانیار مورادی و شەهید لوقمان و شەهید ڕامین حسێن پەناهی’، بەڕێوەچوو، کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارە دران.

لە مەراسیمەکەدا، ئامینە مەحمود، دایكی شەهید زانیار مورادی بەیاننامەی بنەماڵەكەی خوێندەوە و وتی: لەسێیەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی زیانیار و لوقمان مورادیی، ڕامین حسێن پەناهی بەڕێزداریی تەواوی شەهیدانی كوردستان بەبیردێنینەوە، سەری ڕێزو نەوازش لەئاست ڕۆحی بەرزە فڕیان دادەنەوێنین.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: سێ‌ ساڵ لەمەبەر كۆماری لەسێدارەی ئێران، وەك هەمیشە كردەوەی نامرۆڤانەی سێدارەی بەسەر زانیار و لوقمان مورادیی و ڕامین حسێن پەناهییدا سەپاند، ژیانی لەسێ‌ ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە سەندەوە، پەیوەستی كاروانی درێژە مەودای گیانی بەختكردوان بوون، ئەوان بوون بەئەستێرەیەكی گەشاوەی ئاسمانی ئازادیی، لەسێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدەكانمان بەسەر بڵندییەوە ئەو یادە بەرز ڕادەگرین، بیرەوەری شەهیدان لەپاڵ تەرمی پیرۆزیان لەدڵ و ڕۆحماندا دەنێژین.

ئاماژە بۆ ئەوەش کرابوو”كۆماری سێدارەی ئێران كەڕوو لەناوچوون و هەڵوەشانەوەیە، وەك پیشەی هەمیشەیی ترسنۆكانە سزای لەسێدارەدان بەسەر بەسەر ئازادیخوازاندا دەسەپێنێت، جیاوازیی ناخاتە نێوان نەتەوە پێكهاتەكان”.

ڕاشگەیەنداربوو”درەنگ بێت یان زوو، دەسەڵاتە دیكتاتۆر و توند ئاژۆكان دەكەونە بەر ڕەحمەتی توڕەیی گەل كۆمەڵگایی خۆیان، شەپۆلی دیموكراسی ئێرانیش ئەو ڕاستیە دەزانێت،  كە ناتوانێت ئەو فۆڕمە لە دەسەڵات بەردەوامیی پێبدات، بۆیە بەهەر شێوەیەك بێت هێرش دەكاتە سەر نرخ و بەهای نەتەوەكان و ژنان”.

لە کۆتاییشدا هاتبوو: بنەماڵەی شەهید زانیار مورادیی بەڵێن دەدەن ڕێبازی شەهیدان بەرنەدەن، باوەڕیی تەواومان هەیە خەون و ئامانجی شەهیدان لەسەر دەستی كوڕان و كچانی فەدای ئەم نەتەوەیە پێكدێت، ئاواكردنی كوردستانێكی ئازاد دەبێتە واقع، بەڵێن دەدەین دەست دەست لەفیكر و خەباتیان بەرنەدەین ببین بەچقڵی چاوی دوژمنانی خۆرو داگیركەر.

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمی “شەهید نامرێت” کۆتایی هات.

ف.ق