لاپەڕەیەکی مێژوو؛ کۆماری کوردستان لە مەهاباد

هەندێک ڕووداو بەتێپەڕبوونی کات دەبنە بەهای مێژووی کۆمەڵگا. کۆماری کوردستان لە مەهابادیش یەکێک لەو ڕووداوانە بوو. پێشەوا قازی محەمەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بوو.

پێشەوای نەمر قازی محەمەد لە ١ی ئازاری ١٨٩٣ لە مەهاباد لەدایکبووە. لەوێ خوێندنی ئایینی و زانستیی خوێندووە. جگە لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی، فەرەنسی و ئینگلیزی و ڕووسیشی دەزانیی. بنەماڵەی قازی بنەماڵەیەکی زانا و نەتەوەپەروەر و خاوەنی ڕۆشنبیری بوون. قازی دوای کۆچی دوایی باوکی بوو بە قازیی شاری مەهاباد و لە ساڵی ١٩٤١دا بوو بە بەرپرسی کاروباری ڕۆشنبیری. قازی محەمەد بایەخێکی زۆری بە خوێندن و زانست دەدا. لە کاتی بەرپرسیارێتیدا کاری زۆری بۆ پەرەپێدانی خوێندن و فێربوون و زانست کردووە. یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئەو کاتە ئەوەبوو، کە یەکەم قوتابخانەی کچانی کردەوە.

لەگەڵ جەنگی جیهانی دووەمدا سۆڤیەت و ئینگلتەرا ئێرانیان داگیرکرد. لە حکومەت و دەسەڵاتی ئێران دا بۆشایی دروستبوو. رەزا شای پەهلەوی لە ئەیلولی ١٩٤١ بەهۆی فشارەکانی بەریتانیاوە ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە و ئێران بەجێبهێڵێت. دوای ئەوە حکومەت کەوتە دەست محەمەد رەزا شای کوڕی. کاتێک ئێران لەلایەن سۆڤیەت و ئینگلتەراوە داگیرکرا، دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێرانەوە کەمبوویەوە. هاوکات سۆڤییەتەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلانی چەوساوە و بندەست و ستەمدیدە نیشاندا. ئەمەش دەرفەتێکی بۆ گەلانی کورد و ئازەری ڕەخساند بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. لەو چوارچێوەیەدا کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد و کۆماری ئازەربایجان لە شاری تەبرێز دامەزرا.

هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی کۆماری کوردستان

لە ١٦ی ئابی ١٩٤٢دا کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کوردەوە دامەزرابوو، کە ئەو کەسانە بریتی بوون لە حوسێن فروهەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەڕیس، محەمەد نانەوازادە، عەلی محەمەدی، نەجمەدین تەوحیدی، عەلی محەمەدی، محەمەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری و قاسم قادری. کۆمەڵەکەش بە کورتکراوەیی پێی دەوترا (ژێکاف / JK). دوای ٢ ساڵ سێ بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژێکاف لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکران. لەبەر ئەوەش بەڕێوەبەرانی دیکەی کۆمەڵەکە پەیوەندییان بە پێشەوا قازی محەمەد کەسایەتیی بەناوبانگی مەهابادەوە کرد و داوایانکرد بچێتە ناو ئەو کۆمەڵەکەوە. قازی محەمەد لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەدا چووە ناو کۆمەڵەکەوە و لە ساڵی ١٩٤٥دا لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیکە چوو بۆ باکۆی پایتەختی ئازەربایجان لەوێ لەگەڵ جەعفەر باقرۆڤ سەرۆکی ئازەربایجان کۆبوونەوە و بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان داوای پشتیوانی و هاوکارییان لە سۆڤیەت کرد.

دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە باکۆەوە، ڕێکخستنی ژێکاف ناوی خۆی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕی و لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥دا یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست. لەو کاتەدا ئێرانیش لاواز و هێزەکانی لە چەند ناوچەیەک کشابوونەوە. سۆڤیەتیش پشتگیریی قازی محەمەدی کرد و بەم شێوەیە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥دا پارتی دیموکراتی ئازەربایجان بە سەرۆکایەتی جەعفەر پیشەوەری لە شاری تەبرێزی کۆماری ئازەربایجانی ڕایگەیاند.

مژدەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

دوای پێنج ڕۆژ هێزەکانی سوپای ئێران بە هەمان شێوە لە مەهاباد کشانەوە و لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەیدانی چوارچرا بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" کۆماری کوردستان دامەزرا. پێشەوای نەمر قازی محەمەد لەگەڵ هەڤاڵان و لایەنگرانیدا بناغەی ئەو کۆمارەی دانا، کە لە ئەنجامی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان دا بەدەستهاتبوو. بەڵێ لە کابینەی کۆماردا ١٣ وەزیر لەگەڵ قازیی نەمردا هەبوون، بەڵام ئەو کۆمارە هی هەموو کوردان بوو. ئەو کۆمارە لە  ١١ مانگی  تەمەنیدا کارێکی کرد و بناغەیەکی دانا، کە هەموو ڕۆژێکی لە مێژووی کوردستاندا بە پیتی زێڕین بنووسرێتەوە.

' تێدەکۆشم بۆ ئەوەى ئاڵاکەمان لە ئاسماندا بشەکێتەوە'

لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی کۆماری مەهاباددا قازی محەمەد ئەم سوێندەی خوارد: "لەسەر وڵات و ئاڵاکەم سوێند دەخۆم، کە تا دوا دڵۆپی خوێنم و دوا هەناسەم، بە گیان و ژیان و ماڵم لە ڕێگای ئازادیدا تێبکۆشم، تاوەکو ئاڵاکەمان لە ئاسماندا بشەکێتەوە".

نوێ بوو و پێشەنگایەتیی بۆ کوردستانی هاوچەرخ دەکرد

کۆماری کوردستان لەبواری ڕۆشنبیری، سیاسی، کۆمەڵایەتیدا بووە ناوەندێکی گرنگ. زمانی کوردی بووە زمانی فەرمیی کۆمار.   لەلایەکی ترەوە لە ژێر سێبەری کۆماردا کاری بەرگری ئەنجامدەدرا و سوپا دامەزرا. لەگەڵ ئەوانەشدا هەنگاوی گرنگ لە بوارەکانی ئابووری، ڕۆشنبیری، هونەری، ئەدەب و پەروەردەدا نران. ڕۆژنامەی کوردستان بڵاوکراوەی فەرمیی کۆماری کوردستان بوو.

ڕۆڵی ژنان

یەکێک لە خاڵە گرنگ و بەنرخەکانی کۆماری کوردستان گرنگیی ڕۆڵی ژنان بوو. بە دامەزراندنی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان، ژنان بەشدارییان لە سیاسەت و ئیدارەی کۆماردا کرد. مینا خان هاوژینی قازی دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی یایا، کە کۆمەڵەی تایبەت بە ژنان بوو. مینا خانم پێشەنگایەتیی بۆکاروباری ژنان دەکرد و بەڕێوەی دەبرد. ئەو پێشکەوتنانە لەسەر خاکی وڵاتی کورداندا، لە میدیاکانیشدا سەرنجی هەموو جیهانی ڕاکێشا. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا گرنگییەکی زۆر بە گەشەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردی درا. ڕۆشنبیرانی وەک هەژار و هێمن موکریانی و حەسەن قزڵجی هەمیشە وەک ڕاوێژکار لەگەڵ قازی محەمەد کاریان دەکرد. لە مەهاباد چەندین قوتابخانە و کتێبخانە کرایەوە.

ڕێکەوتنی سۆڤیەت و حکومەتی ئێران

کاتێک کۆماری کوردستان دامەزراوەیی بوونی خۆی دەچەسپاند و هەنگاوی گرنگ دەبڕی، گۆڕانکاریش لەسیاسەتی ناوچەکەشدا هەبوو و روویاندەدا. لە ٢٦ی ئازاری ١٩٤٦دا هێزەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا گوشاریان لە ئێران کرد  بۆ ئەوەی هێزەکانی سۆڤیەت باکووری ئێران بەجێبهێڵن. لە ئەنجامی ئەو گوشارانەدا سۆڤیەت و ئێران رێکەوتن و هێزەکانی سۆڤیەت باکووری ئێرانیان بەجێهێشت

پشتی لە کورد کرد

یەکێتیی سۆڤییەت لەسەر بیرۆکە و فیکری سۆسیالیزم دامەزرا و یارمەتیی گەلانی چەوساوە و بندەستی دەدا، کە ئازادیی خۆیان بەدەست بهێنن و خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، پشتیوانیی لە گەلانی باشووری سنوورەکانی سۆڤیەت دەکرد، بەڵام ئەم پێوانەیە بۆ گەلی کورد و گەلی ئازەری پێشێل کرا. دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە حوزەیرانی ١٩٤٦دا، هێزەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر کۆماری ئازەربایجان. ئەمەش بووە هۆی ئەوە، کە پەیوەندیی کۆماری کوردستان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا بپچڕێت. ئیدی کۆماری کوردستان نەیتوانی لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە یارمەتی وەربگرێت.

بێبەختی و چارەڕەشیی ناوخۆیی

لە لایەکی دیکەوە، کۆماری کوردستان هەوڵی دروستکردنی یەکگرتوویی کوردی دەدا و دەیخواست هۆزە و عەشیرەتەکانی تری کورد بچنە ناو کۆمارەکەوە، بەڵام نەیتوانی ئەو پشتیوانییە لە هۆزە کوردەکان وەربگرن. بۆیە کۆمار نەیتوانی سنووری خۆی لە موکریان و دەوروبەری مەهاباد زیاتر بکات. لە بەرئەوەش پێیشی دەوترێت کۆماری مەهاباد.

کاتێک یەکێتیی سۆڤیەت پشتی لە کۆمارەکە کرد، لە ڕووی ئابوورییەوە، لە دەستکەوتنی بەرهەمەکاندا سەختیی زۆر دروست بوون.  ئەو هۆز و عەشیرەتانە، لە سەرەتادا لەگەڵ کۆمار بوون، ئیتر بە هیچ شێوەیەک پشتگیریی قازی محەمەدیان نەدەکرد. زۆرێک لەو هۆز و عەشیرەتانە پشتیان لە قازی محەمەد کرد.

کۆمارەکە رووخا

سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانە، سوپای ئێران هێرشی کردە سەر کۆمارەکە و لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا سوپای ئێران گەیشتە ناوەندی مەهاباد پایتەختی کۆمار. چەند هۆز و عەشیرەتێک لەو ناوچەکە هەڵهاتن، بەڵام قازی محەمەد و هاوڕێکانی تا دوا هەناسە و دڵۆپی خوێنی خۆیان بەرخۆدانیان کرد. هەرچۆنێک بێت بەپێی هەندێک سەرچاوە قازی محەمەد خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئێران کردووە بۆ ڕێگرتن لە کوشتاری خەڵک. دوای ١١ مانگ، کۆمارەکە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا هەڵوەشایەوە.

"خیانەت و بێبەختی لە یەک مەکەن و یەکبگرن"

لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٧دا قازی محەمەد و هاوڕێکانی لە مەیدانی چوارچرا لە سێدارەدران، بەڵام قازی محەمەد پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێت نامەیەکی بۆ گەلی کورد نووسیبوو. قازی محەمەد لە وەسیەتەکەى خۆیدا داوای لە گەلی کورد کردووە و بۆی نووسیوون:

"بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

گەلەکەم، من لە دوا هەنگاوەکانی ژیانمدام. وەرەن لەبەر خاتری خودا، ئیدی دوژمنایەتیی یەکتر مەکەن و پشتیوانی لە یەکتر بکەن. لە دژی دوژمنە ستەمکار و دڵڕەقەکان بوەستنەوە، خۆتان مەفرۆشن. دوژمن چەند خۆی لە ئێوە نزیک بکاتەوە و هەر چییەکتان بۆ بکات، تەنها بۆ ئەوەیە، کە تەنها دەیانەوێت کارەکانی خۆیان بە ئێوە تەواو بکەن. دوژمنانی گەلی کورد زۆرن. ئەوان ستەمکار و دڵڕەقن، پشتگیریی یەکتر دەکەن. ئەو گەلانەى، کە لە دەست دوژمنە ستەمکارەکانیان ڕزگاریان بووە، ئەوان وەک ئێوەن، بەڵام یەکێتیی  خۆیان دروستکردووە و بە یەکگرتوویی رزگاریان بووە. با دوژمن فریوتان نەدات. یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و تەبایی لەناو خۆتاندا بپارێزن، کاری خراپ بەرامبەر یەکتر نەکەن و تەماعکار و چاوچنۆک نەبن، بەتایبەتی لە لێپرسراوێتی و خزمەتکردندا. پەرە بە خوێندن و زانست و ئاستی زانین بدەن و خۆتان بەرەو پێش ببەن، بۆ ئەوەی دوژمن کەمتر فریوتان بدات.

بێبەختی و خیانەت و ناپاکی لە یەکتر مەکەن

بێبەختی و خیانەت و ناپاکی لە یەکتر مەکەن، نە خیانەتی سیاسی و نە گیانی، نە دارایی و نە ماڵی و نە شەرەف و نە ناموس، چونکا مرۆڤی خیانەتکار لەلای خودا سووک و تاوانبارە. ئەگەر کەسێک بتوانێت بەبێ ناپاکی کارەکەی بکات، یارمەتیی بدەن، نەک بەهۆی تەماع و چاوچنۆکی و بێبەختییەوە دژایەتیی بکەن. تاوەکو ئێوە یەکگرتوو نەبن، ئێوە سەر ناکەون، زوڵم و زۆرداری لە یەک مەکەن، چونکە خودا زۆر بە خێرایی ستەمکاران و زاڵمەکان لە ناو دەبات و تەفروتونایان دەکات. ئەوە بەڵێنی خودایە، بێ ئەوەی کەم و زۆر بێت، زوڵم دەڕوخێت و تەفروتونا دەبێت، خودا تۆڵەی زوڵم دەکاتەوە".

"کۆماری کوردستان بۆ ئێمە شانازی و شەرەفە"

لە ٢١ی ئازاری ساڵی ١٩٩٦دا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەکادیمیای ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)  پێشوازیی لە عەلی قازی کوڕی قازی محەمەد کرد و سەبارەت بە کۆماری کوردستان لێدوانێکی دا و پەیامێکی مێژوویی بڵاوکردەوە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەو پەیامەیدا وتی: "کۆماری کوردستان بۆ ئێمە شانازی و شەرەفە".

ژ.ت