پێنج کەسایەتی شۆڕشگێڕ لە ١٥ـەمین ساڵی لەسێدارەدانیاندا بەڕێزدارییەوە یادیان دەکرێتەوە

فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان کە لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە سێدارە دران، لە ١٥ـەمین ساڵی لە سێدارەدانیاندا بەڕێزدارییەوە یادیان دەکرێتەوە.

پێنج کەسایەتی شۆڕشگێڕ فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان کە لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە زیندانی ئەوینی تاران لە سێدارە دران، لە ١٥ـەمین ساڵی لەسێدارەدانیاندا بەڕێزدارییەوە یادیان دەکرێتەوە.

دوای ١٥ساڵ هێشتا تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەو پێنج شۆڕشگێڕە لە مێشکی گەل و ئەوانەی بەدوای ئازادیدا دەگەڕن زیندووە.

هەر پێنج کەسایەتی شۆڕشگێڕ نەتەنها زیندانی سیاسی بوون، بەڵکو تێکۆشەرانی هێژا بوون کە بۆ ئاشتی، ئازادی و یەکسانی گەلان لە هەوڵ وتێکۆشاندا بوون. بۆیە هێشتا میراتەکەیان لە تێکۆشانی ئازادی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە زیندانەکانەوە هەتا شاخەکان بە بەرخۆدان درێژەی هەیە.

فەرزاد کەمانگەر لە ساڵی ١٩٧٦لە شاری کامیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە یەکێتی مامۆستایان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکاندا چالاک بوو. کەمانگەر منداڵانی کوردی فێری خوێندن و نووسینی کوردی زمانی زگماکی کردووە. هاوکات وەک داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و نووسە دەناسرا. بەڕێزی لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٦ لە تاران دەستبەسەر دەکرێت و لە دادگا بە بێ ئەوی بتوانێ لەخۆی بەرگری بکات دادگایی و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

شیرین عەلەمهۆلی یەکێک لە سیمبولەکانی تێکۆشانی ژنانی کورد بوو. عەلەمهۆلی کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا شارەزا بە زمانی فارسی نەبوو، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی لێ وەردەگیرێت. سەرەڕای ئەشکەنجەی قورسی لە زینداندا، وازی لە ناسنامە و بیروباوەڕی خۆی نەهێنا و تەسلیمیەتی قبووڵ نەکرد. ئەو بە بەرخۆدانی خۆی بوو بە پێشەنگێکی ژنان.

هەروەها عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی پێشەنگەکانی تێکۆشانی مەدەنی و ئاشتیانەی مافە سیاسییەکانی گەلی کورد بوون. ئەوان بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران" تۆمەتبار و دادگایی دەکرێن و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

مەهدی ئیسلامیان کەسایەتیەکی غەیرە کورد بوو. بەڵام بەشداری تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی گەل دەبێت. لەسێدارەدانی ئەو وەک نیشانەی سیاسەتی حکوومەتی ئێران بۆ بێدەنگ کردنی باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا سەیر دەکرێت.