٥ مانگ بەسەر ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و هاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرع دا تێپەڕیوە. شەرع هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دروستکرد. هەروەها کۆنترۆڵکردنی هێزە سەربازییەکانی وڵات بەربەستێکی گەورەی بە تایبەت لە ئاستی ئەمنی و ئابووریدا لێکەوتەوە. دوابەدوای داڕمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئاژاوەگێڕی لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا سەریهەڵدا.
کۆمەڵکوژی، تاوان و پاکتاوکاری لەسەر بنەمای ناسنامەی ئایینی و بەشداریکردن لە ڕژێمی پێشوودا زیادی کردووە و وڵات بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی بەردەوام دەڕوات.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە لە ٨ی تشرینی یەکەم تا ٧ی ئایار، ٧هەزار و ٣٤٢ کەس لە بارودۆخی جۆراوجۆر لە سەرانسەری سوریادا کوژراون. لەو ژمارەیە ٥ هەزار و ٥١٤کەسیان مەدەنین؛ ٤هەزار و ٨٥٢ کەسیان پیاون، ٤٠٢ کەسیان ژن و ٢٦٠ کەسیان منداڵن.
شایانی باسە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی ٥مانگدا ٢٠٩٢ تاوانی پاکتاوکاری مەیدانی تۆمار کردووە، کە زۆربەیان لە مانگی ئاداردا ڕوویانداوە.